ئەستێرەیەکی چێڵسی، وزەبەخشی بەکارهێناوە و بەتووندی سزا دەدرێت

17-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی هەڵبژاردەی ئۆکراینا میخائیلۆ مۆدریک
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئۆکراینییەکان ئاشکرایانکردووە، میخائیلۆ مۆدریک، یاریزانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، لە پشکنینی وزەبەخش دەرنەچووە و رووبەڕووی راگرتن و سزای تووند دەبێتەوە.


میدیای ئۆکراینا یاریزانەکەی چێڵسییان ناوناوە 'گرانترین یاریزانی وڵات' دەڵێن لە دوایین پشکنیندا بۆ خوێنی ئەو یاریزانە، کۆمەڵێک مادەی رێگەپێنەدراو دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە لە کۆتاییەکانی مانگی دەی ئەمساڵدا، پشکنینی لەناکاو بۆ ئەو یاریزانە تەمەن 23 ساڵە کراوە و ئەنجامەکان دەریانخستووە وزەبەخشی بەکارهێناوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، مۆدریک کە بە 100 ملیۆن یۆرۆ لە شاختار دۆنێسکی ئۆکراینییەوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد و ئەمساڵ لە تەنیا حەوت یاریدا لە پرێمەرلیگ بەشدارییکردووە، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.

ئەگەر لە پشکنینی دووەمدا کە بڕیارە بەمنزیکانە بۆ ئەو یاریزانە بکرێت، بەکارهێنانی وزەبەخش یەکلاببێتەوە، مۆدریکی یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆکراینا، رووبەڕووی راگرتنی دەستبەجێ دەبێتەوە و ئەگەر هەیە سزای تووندتری بەسەردا بسەپێنرێت کە ماوەکەی دەگاتە چوار ساڵ راگرتن.

مۆدریک تاوەکو ساڵی 2031 گرێبەستی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە هەیە. ئەمساڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 15 یاریدا بەشدارییکردووە، پێنج گۆڵی تۆمارکردووە و سێ ئەسیستی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە