ناکۆکی گەورە لەنێوان خاوەنەکانی چێڵسیدا سەریهەڵداوە

09-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە تۆد بۆیلی، سەرۆکی یانەی چێڵسی بیر لە فرۆشتنی پشکەکانی لە یانەکە دەکاتەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ خاوەنەکانی دیکەی یانەکەدا هەیەتی، بەتایبەت ناکۆکییەکان لەبارەی دۆخی یانەکە و گرێبەستەکانەوە.
 
چێڵسی لەوکاتەوەی بووەتە موڵکی بۆیلی و هاوبەشەکانی، پارەیەکی خەیاڵیی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە، بەڵام نەیتوانیوە لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ بەرزتر بەدەست بهێنێت.
 
چێڵسی لە هاوینی ئەمساڵدا، گرێبەستی ماوریسیۆ پۆچەتینیۆی راهێنەری هەڵوەشاندەوە و لەشوێنی ئەو، ئینزۆ ماریسکای کردە راهێنەری تیپەکە.
 
گەورەترین خاوەن پشکی یانەی چێڵسی، کۆمپانیای 'کلیریک کاپیتاڵ'ە کە بێهداد ئیقبال خاوەنیەتی و 61،54 لەسەدی پشکەکانی یانەکەی بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا بەشەکەی دیکەی پشکەکانی یانەکە کە 38،46ە بەدەست سێ هاوبەشەوەیە کە بریتین لە تۆد بۆیلی، مارک والتەر و مانزیۆرگ فیس.
 
گرێبەستکردن لەگەڵ جواو فێلیکسی ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، یاریزانی ژمارە 36ە کە یانەکە گرێبەستی لەگەڵدا بکات، لەوکاتەوە موڵکایەتییەکەی گواستراوەتەوە سەر بۆیلی و کۆمپانیای کلیریک کاپیتاڵ لە ساڵی 2022ەوە.
 
ئاژانسی 'بلومبێرگ'ی ئەمریکی کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە، ئاشکرایکردووە لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندی نێوان بۆیلی و بێهداد بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.
 
ئاژانسەکە دەڵێ، ئەو دووانەیە کە پێشتر بەهاوبەشی چێڵسییا کڕییەوە لە ساڵی 2022دا و موڵکایەتی یانەکەیان لە رۆمان ئابرامۆڤیچی سەرمایەداری رووسی وەرگرتەوە بەرامبەر بە 4،25 ملیار پاوەند، ئێستا لە پەیوەندییەکی گرژ و پڕ لە ناکۆکیدان.
 
هۆکاری سەرەکیی ناکۆکی نێوان خاوەنەکانی چێڵسی، وەک ئاژانسەکە دەڵێ، پەیوەندی بەشکستهێنان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە یانەکەدایە.
 
بەپێی ئاژانسە ئەمریکییە، بۆیلی و بێهداد ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە یەکێکیان لە موڵکایەتی و خاوەندارێتی یانەکە بچێتە دەرەوە و پشکەکانی خۆی بەویدیکە بفرۆشێتەوە.
 
هەروەها دەڵێ، "ناکۆکی و جیاوازی هەیە لەبارەی سیاسەتی گرێبەستکردن لە چێڵسی، هەروەها ئاستی لاوازی تیپەکە و شکستهێنان لە بەدەستهێنانی هیچ نازناوێک و بەرەوپێشنەچوون لە دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ بۆ تیپەکە، هۆکاری جیاوازییەکانی نێوان ئەو دووانەن".
 
وەک ئەو ئاژانسە ئاشکرایکردووە، ساڵی رابردوو بۆیلی بەشێک لە پشکەکانی خۆی فرۆشتووەتەوە، پاشئەوەی ساڵێکی قورسی لە موڵکایەتی یانەکە بەڕێکرد.
 
پێشتر بۆیلی لەبارەی داهاتووی یانەکەوە گوتبووی، سەرقاڵی دانانی بناخەی دوورمەودا و پێکهێنانی تیپێکی بەهێز و رکابەرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە