ماڵئاوایی رۆجێر فێدێرێر جیهان شۆک دەکات

17-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆجێر فێدێرێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا دوو لە ئەفسانەکانی تێنس بڕیاریاندا واز لە یاریکردن بهێنن، دانیان بەوەدا نا کە ئیدی جەستەیان یارمەتییان نادات بۆ ئەوەی بە ئەنجامدانی یارییە دڵخوازەکەیان بەردەوام بن لە سەرسامکردنی جیهان.
 
دوای ئەوەی سێرینا ویلیامزی خانمە تێنسزانی ئەمریکی بە راگەیاندنی وازهێنانی خۆی لە یاریکردن هەوادارانی تێنسی تووشی شۆککرد، دوای چەند رۆژێک شۆکەکە گەورەتر بوو کاتێک رۆجێر فێدێرێری تێنسزانی ئەفسانەیی سویسریش هەمان بڕیاری سێرینای دا.
 
فێدێرێری تەمەن 41 ساڵی، هەواڵی وازهێنانی یەکجارەکی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، بەمەش ئەو ئەفسانە کە لە سەرانسەری جیهاندا ملیۆنەها هەواداری هەیە، کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆی دێنێت کە 24 ساڵی سەرسوڕهێنەری خایاند و تیایاندا 20 نازناوی گراند سلامی بەدەستهیناوە.
 
پێشەنگی پێشووی ریزبەندیی باشترین تێنسزانانی جیهان، هەفتەی داهاتوو دوای بەشداریکردنی لە یارییەکانی جامی لاڤەر لە لەندەن بەیەکجاری واز لە یارییەکانی تێنس دەهێنێت و ئیدی جیهان بێبەش دەبێت لە بینینەوەی یەکێک لە گەورەترین و باشترین تێنسزانانی جیهان لە هەموو سەردەمەکاندا.
 
فێدرێر وەک تێنسزانێکی پیشەگەر، لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا 103 نازناوی بەدەستهێناوە، یەکەم نازناویشی لە تەمەنی 19 ساڵیدا بووە.
 
ئەو ئەفسانەیەی تێنس بە بردنەوە 8 نازناوی ویمبڵدۆن، 6 نازناوی کراوەی ئوسترالیا و 5 نازناوی کراوەی ئەمریکا و کراوەی فەرەنسا، ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی تێنسدا نووسیوە، کە لەوانەیە بە ئاسانی تێنسزانێکی دیکە نەتوانێت بۆشایی ئەو لە جیهانی تێنسدا پڕبکاتەوە.
 
ئەم بڕیارەی فێدێرێرم کە خۆیشی دانی پێداناوە کە ناچاریەی و ئیدی هێزی یاریکردنی نەماوە، هەموو هەوادارانی تێنس و تێنسزانە گەورەکانی جیهان و تەنانەت ئەفسانەکانی وەرزشی نیگەران کردووە، چونکە دەزانن لە جیانی وەرزشدا فێدێرێر واتا چی، بۆیە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆی نووسیوە "یاریگەکانی تێنس بیرت دەكەن، تۆ نموونەی بۆ ھەموو وەرزشوانان". رافایێل نادالیش کە ساڵانێکی زۆر رکابەری هەمیشەیی فێدێرێر بوو، بۆی نووسیوە "هاوڕێ و رکابەرم، خۆزگە هەرگیز ئەو رۆژە نەدەهات کە تۆ واز لە یاریکردن بێنی".
 
سەیر نییە کە هەموو جیهان بۆ ماڵئاوایی فێدێرێر لە جیهانی تێنس نیگەران بێت، چونکە ئەو کوڕە سویسرییە کە بە مایسترۆ بەنێوبانگە، بێجگە لەوەی لە کاتی یاریکردندا لەنێو یاریگەکاندا سەرسوڕهێنەر بوو، لە رووی رەوشت و  هەڵسوکەوت و گیانی وەرزشی و مرۆڤدۆستیشەوە نموونەی باڵای هەمووان بە گەورە و بچووکەوە بوو، بۆیە هەوادارانی تێنسزانە رکابەرەکانیشی هەر خۆشیان دەویست، ئەو 16 جار لە راپرسییەکاندا بەباشترین و خۆشەویستترین وەرزشوان دەستنیشانکراوە،  13 جار خەڵاتی ستیڤان ئیدبرگی بۆ گیانی وەرزشی بەدەستهێناوە، جگە لەوەی 5 جار خەڵاتی لۆریۆسی بۆ باشترین وەرزشوانی جیهان بردووەتەوە، کە زۆرترینە لە مێژووی وەرزشدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە