گەڕی یەکەمی پرێمەرلیگ گڕ دەگرێت

17-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەردەوامن، ئەمڕۆ چەند یارییەکی سەرنجڕاکێش بەڕێوەدەچن و هەردوو یانەی ئارسیناڵ و لیڤەرپوول یەکەم یارییان لە خولەکەدا ئەنجامدەدات.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی گەڕی یەکەمی پرێمەرلیگ، کاژێر 14:30 دەستپێدەکەن، کاتێک یانەی لیڤەرپوول بە راهێنەرێکی نوێ دەست بە وەرزی نوێ دەکات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیپسۆیچ تاون یاری دەکات.
 
لیڤەرپوول ئارنێ سڵۆتی کردووەتە راهێنەری یانەکە، بەڵام هیچ یاریزانێکی نەگواستووەتەوە و بەهەمان لیستی وەرزی رابردووەوە، دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە بکات.
 
ئیپسۆیچ تاون، ئەم وەرزە سەرکەوتووە بۆ پرێمەرلیگ، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە خولەکەدا بە ئەنجامێکی باشەوە دەربکەوێت.
 
لە ریزەکانی یانەی ئیپسۆیچ تاون، عەلی حەمادی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکات و وەکو یەکەم یاریزانی عێراقی لە مێژووی پرێمەرلیگدا یاری دەکات.

 
کاژێر 17:00 یانەی ئارسیناڵ دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزەکە و لەنێو یاریگە و هاندەرانی لە لەندەن، میوانداریی یانەی ولڤەرهامپتۆن دەکات.
 
ئارسیناڵ وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و تاوەکو دوایین گەڕ رکابەریی لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە دەکرد، بۆ ئەم وەرزەی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ریکاردۆ کالافیۆری، بەرگریکاری ئیتاڵی و یانەی بۆلۆنیا کردووە و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بدات.
 
جگە لەوەش یانەکە گرێبەستی دەیڤد رایا، گۆڵپارێزی یانەکەی کردە هەمیشەیی کە وەرزی رابردوو بەخواستن لەو یانەیە یاریی دەکرد.
 
یارییەکی سەرنجڕاکێشی ئەم ئێوارەیەی پرێمەرلیگ، رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی وێستهام و ئاستۆن ڤێلا دەبێت.

 
یارییەکە لە لەندەن دەکرێت، وێستهام گۆڕانکاری زۆری لە تیپەکەیدا کردووە و دەیەوێت ئەم وەرزە ئەنجامی باشی هەبێت، دیارترین یاریزان کە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، نیکلاس فولکرۆگ و ئارۆن وان بیساکان.
 
ئاستۆن ڤیلاش بەهەمان شێوە گۆڕانکاریی لە تیپەکەیدا کردووە، ئامادۆ ئۆنانای بە 60 ملیۆن یۆرۆ لە ئێڤێرتۆن کڕی و یان ماتسن و رۆس بارکلیی بردووەتەوە ریزەکانی و دەیەوێت رکابەری بکات.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە