پەیامی ئاراوخۆ دوای دەرکرانی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ

17-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، پەیامێک بۆ هاندەرانی یانەکەی دەنێرێت و داوای لێبوردنیان لێدەکات، دوای ئەوەی بارسێلۆنا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد. 
 
لە میانی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی مۆنتوجویک میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد. لە خولەکی 12ـی یارییەکەدا، رافینیا گۆڵی یەکەمی بارسای لە یارییەکەدا تۆمارکرد و بە ئەنجامی هەردوو یارییەوە بارسێلۆنا بە دوو گۆڵ پێشکەوت، هەموو رووداوەکان لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بوون، تاوەکو لە خولەکی 29، رۆناڵد ئاراوخۆ بە کارتی سوور لە یارییەکەدا دەکرێتە دەرەوە و یانە ئیسپانییەکە ناچاردەبێت بە 10 یاریزانەوە یارییەکە تەواو بکات. دوابەدوای کارتە سوورەکەی ئاراوخۆ، پاریس سانجێرمان تاوەکو کۆتایی یارییەکە چوار گۆڵی تۆمارکرد، بە ئەنجامی هەردوو یارییەوە 6-4 بەسەر بارسێلۆنادا بۆ یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ سەرکەوت.
 
زۆرێک لە هاندەران و بینەرانی تۆپی پێ، کارتە سوورەکەی ئاراوخۆ بە هۆکاری سەرەکی دۆڕانەکەی بارسێلۆنا و دەرکرانیان لە چامپیۆنزلیگ دادەنێن. ئەو یاریزانە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە پۆستێکدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "ئەو تۆپی پێیەی چێژێکی زۆری پێدام، ئێستا خەمێکی قورسم پێدەدات. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەبێ بوونی هیچ بەرژەوەندییەک لە پشتم دەوەستن، سوپاسی هاوتیپەکانم دەکەم کە هەموو شتێکیان لە یاریگەدا پێشکێشکرد، سوپاسی هاندەرانمان دەکەم کە تاوەکو کۆتایی باوەڕیان بەم تیپە هەبوو. زۆر داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی ئەم چێژەتان پێببەخشم. "
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرەکەی هێڵی بەرگری بارسا دەڵێت "دووبارە هەوڵ دەدەینەوە. بۆ هەمیشە فۆرزا بارسا!"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە