کرووس وەڵامی سعودییەکان دەداتەوە

17-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تۆنی کرووس، یاریزانی ئەڵمانی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید وەڵامی ئەو فیکە و ناڕەزایەتییانە دەداتەوە کە لە سعودیە لە کاتی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لە دژی لێدران.
 
لە رابردوودا تۆنی کرووس گوتبووی کە ئەستێرە لاوەکان 'تەنیا بۆ پارە' پەیوەندی بە خولی سعودییەوە دەکەن و راشیگەیاندبوو کە 'نەبوونی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە، رێگەم پێنادات پەیوەندییان پێوە بکەم."ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و وایکرد ئەستێرە ئەڵمانییەکە لەلایەن هاندەران و میدیای سعودییەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە. 
 
جامی سوپەری ئیسپانیا ئەم وەرزە لە وڵاتی سعودیە بەڕێوەچوو، یانەی ریال مەدرید بە ئاستێکی ناوازەوە دەرکەوت و توانی ببێتە پاڵەوانی جامەکە. پێدەچێت هاندەرە سعودییەکان قسەکانی تۆنی کرووسیان لە دڵ گرتبێت و بیریان نەچووبێتەوە، چونکە لە یارییەکاندا هەر کاتێک کرووس تۆپی وەردەگرت، فیکەیان بۆ لێدەدا و ناڕەزایەتییان بەرامبەر دەردەبڕی، لەو بارەیەوە ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید دێتە دەنگ و دەڵێت "من گوێبیستی فیکەی ناڕەزایەتی هاندەران بووم، بەڵام کاتێک هزرت لەسەر یارییەکەیە سەرنجی ئەوانە نادەیت."
 
کرووس زیاتر دەڵێت "دواتر هەستم پێکرد و گوتم 'ئەو دەنگانە بۆ منن، تەنیا من'، لە ناخی دڵمەوە دەڵێم کە ئەوە بێزاری نەکردم و کاریگەری لەسەر یاریکردنم نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوە شتێکی پێکەنیناوی بوو. ئێستا دەتوانم خۆم لە شوێنی ئەوانە دابنێم کە زۆرجار رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایی دەبنەوە، ئەوە ئەزموونێکی نوێ بوو. قسەکانی من بەهۆی ئەوەوە بوو کە من حەزم بەوە نەدەکرد کە یاریزانە لاوەکان دەچوونە سعودیە بەبێ ئەوەی ئەزموونی یاریکردن لە ئاستێکی بەرز لە ئەوروپا بەدەستبهێنن، ئەوە قسەکانی من بوو کە نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا کردم."
 
دواتر کرووس باس لەو هاندەرە سعودییانەی ریال مەدرید دەکات کە فیکەیان بۆ لێداوە و دەڵێت "لە جامی سوپەری ئیسپانیا، هەموو پەیژەکانی یاریگە بە رەنگی سپی داپۆشرابوون، هەمووان هاندەری ریال مەدرید بوون، واپێدەچێت ئەوان ناچاربووبن بەو شێوەیە دەروونیان بەتاڵ بکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە