رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی کوردستان، زاخۆ و نەورۆز نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبێنن، کە یەکەمیان خاڵێکی لە کارەبا وەرگرت و دوومیشیان لە دواخولەکدا بە زەورا دۆڕا.
دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، یانەی هەولێر لە گەڕی 9ـی خولی نایابی عێراقدا، لەسەر یاریگەی خۆی 1-2 بە یانەی نەفتی بەسرە دۆڕا، ئەمڕۆش نەورۆز بە زەورا دۆڕا و زاخۆش لەگەڵ کارەبا یەکسانبوو.
یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەی تاجی بووە میوانی کارەبا و بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، کە سەرەڕای ئەوەی هەردوو تیپ چەند هەلێکی گۆڵکردنیان بۆ رەخسا، بەڵام نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن و هەر یەکێکیان بە خاڵێک رازی بوو.
بەم ئەنجامە یانەی زاخۆ ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 15 خاڵ و پلەی حەوتەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، کارەباش 11 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمە.
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی نەورۆز بووە میوانی زەورا و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی یانە بەنێوبانگەکەی بەغدا کۆتاییهات.
کوڕانی سلێمانی بە باشی دەستیان پێکرد و هاوڕێ ئەنوەر 4 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەورۆز تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا زەورا گوشاری دروستکرد و لە خولەکی 61 لە رێگەی سەعەد عەبدولئەمیرەوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە کاتێکدا کە یارییەکە نزیکبوو لە کۆتایی، لهواری تەویل گۆڵی بردنەوەی بۆ زەورا تۆمارکرد و نەورۆزی لە خاڵێکی گرنگ بێبەشکرد.
بەم سەرکەوتنە یانەی نەورۆز چووە پلەی دووەمی ریزبەندیی، بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ، کە شورتە بە 25 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، نەورۆزیش خاوەنی 8 خاڵە و لە پلەی 13ـی ریزبەندیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ