ریال مەدرید تەڵەی بۆ باشترین یاریزانی ئەڵمانیا داناوە

16-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جەمال موسیالا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا رایگەیاند، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەنیازە جەمال موسیالای ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ریال مەدرید ئامانجی گواستنەوەی جەمال موسیالای یاریزانی لاوی ئەڵمانییە، لەبەرئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە سەرسامە بەو یاریزانە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، جەمال نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێبکاتەوە، کە لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
 
موسیالا یەکێکە لە باشترین بەهرەمەندەکانی ئێستای بایرن میونشن و هەموو ئەڵمانیا، بۆیە بە دڵنیاییەوە یانە باڤارییەکە بە چەندین شێوە هەوڵی هێشتنەوەی لە ریزەکانیدا دەدات. بەڵام ریال مەدریدیش ئەگەر یاریزانێکی کردە ئامانج بە هەموو شێویەک هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی دەدات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە موسیالا بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکات جارێکی دیکە شانبەشانی جود بێلینگهامی یاریزانی ئینگلیزی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید یاری بکاتەوە، دوای ئەوەی پێکەوە لە هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی ئینگلتەرا  یارییان کردووە.
 
موسیالا بە ڕەچەڵەک ئینگلیزییە، بەڵام خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانییە و بڕیاریداوە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە