ئەو کەسە دەستگیرکرا کە ویستی هێرشبکاتە سەر هاندەران

16-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە بەرێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و پۆڵەندا، کەسێک ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر هاندەران و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
 
ئەمڕۆ لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا کە یاریی هۆڵەندا و پۆڵەندای لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 لێی دەکرێت، کەسێک ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر هاندەرانی هەڵبژاردەکان، بە گوتەی پۆلیسی شارەکە ئەو کەسە تەور و بۆمبی ئاگرینی پێبووە.
 
پۆلیس لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کەسەکەی دەستگیرکردووە و رێگریی کردووە زیان بە هیچ هاندەرێک بگەیێنرێت و هیچ مەترسییەک لەسەر هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە نەماوە.
 
رووداوەکە رێک لە داونتاونی ناوچەی ساینت پاولی لە شاری هامبۆرگ روویداوە، ئەمڕۆ هەزاران هاندەر بەرلە  یارییەکەی هۆڵەندا و پۆلەندا روویان لەو ناوچەیە کردووە.
 
پێشتر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، پۆلیس لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و دەیانەوێت بە ئارامییەکی زۆرەوە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 بەڕێوەببەن.
 
یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ رۆژی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە، هۆڵەندا و پۆڵەندا، دانیمارک و سلۆڤینیا، ئینگلتەرا و سێربیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە