چاڤی یادەوەرییەکانی سەرکەوتنە گەورەکەی کلاسیکۆ زیندوو دەکاتەوە

16-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا، ریال مەدرید، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێ یاریی دوور لە کۆتایی هاتنی فەرمیی وەرزی ئەمساڵی لالیگا، بارسێلۆنا تاکە ئامانجی مسۆگەرکردنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە و گەیشتن بەجامی سوپەری ئیسپانیایە کە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە سعودیە ئەنجامدەدرێت.
 
بارسا کە دوو گەڕ لەمەوپێش لەسەردەستی جیرۆنا دووچاری شکست بوو و بەهۆیەوە ئومێدی بەشداریکردنی لە سوپەری ئیسپانیا زۆر لاوازبوو، ئێستا پێشوازی لە دیارییەکی هەمان یانە دەکات، چونکە جیرۆنا لە دوایین یاریی خۆیدا بەڤیاریال دۆڕا و بەوەش رێگەی فراوانکردنی جیاوازیی خاڵەکانی بەبارسێلۆنادا.
 
بارسا لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئامانجی مسۆگەرکردنی پلەی دووەم لە وەرزی ئەمساڵدا، دەبێ بیر لە خۆرێکخستنەوە بۆ وەرزی داهاتووش بکاتەوە. بەڵام ئەوەیان ئەرکێکە هێشتا چاڤی نەیپەرژاوەتە سەری.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دەڵێ"ئامانجی ئێستامان ئەوە نییە کە پلان بۆ وەرزی داهاتوو دابنێین، بەڵکو دەبێ چاومان لەسەر یارییەکەی ئەمجارەمان بێت کە بریتییە لە پلەی دووەمی خول و ئەوەش مانای زۆر بۆ یانەکە دەگەیێنێت لە رووی دارایی و پێگەوە، هەروەها لەبەرئەوەی ئەو پلەیە هەلی رکابەریمان لەسەر نازناوێکی دیکە کە جامی سوپەری ئیسپانیایە پێدەدات لە وەرزی داهاتوودا، لەبەرئەوە یارییەکە زۆر گرنگە".
 
ئەنجامە خراپەکانی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا و دەستبەتاڵدەرچوون لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، وایانکردووە هەرزوو کارگێڕیی یانەکە خۆی بۆ پێداچوونەوە بەپێکهاتەی تیپەکە یەکلابکاتەوە و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە لەپێناو دیاریکردنی چارەنووسی هەموو یاریزانان، بەتایبەت پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی پێکهاتەکەی چاڤی لە وەرزی ئەمساڵ لە چەندین هێڵی جیاوازدا پێشانیداوە.
 
راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گوتوویەتی، "جارێ نازانم کێ دێت. ئێمە پێویستمان بەپێداچوونەوەی دۆخی دارایی تیپەکە و سیستمی یاریی خاوێن هەیە. دوای ئەوە بڕیاردەدەین بۆ پێداچوونەوە. بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نییە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین، چونکە وەکدەزانن من راشکاوانە قسە دەکەم و لەوانەیە هەندێکجار زۆریش بڵێم لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام من ئێستا دەڵێم کە کاتی قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە نییە".
 
چاڤی ئەمشەو لە یارییەکی ئالمێریادا، بۆ نەوەت و نۆیەمینجار لەسەر هێڵی بارسێلۆنا دەبێت وەک راهێنەر لە لالیگا. یارییەکانی رابردووی یانەکە لەگەڵ ئەو راهێنەرەدا کە پاش مشتومڕ، لەکۆتاییدا بەمانەوە لە یانەکە رازیبوو، یادەوەریی خۆش و ناخۆش لە بیری ئەودا دەوروژێنن، بەڵام ئەو دەیەوێت تەنیا ئەو دیمەنانە بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی، کە خۆشییان بەخۆی، یاریزانەکانی و هاندەرانی یانەکەشی بەخشی.
 
چاڤی هێرناندێز، یادەوەرییەکانی کلاسیکۆ بەباشترین ساتەکانی خۆی لەگەڵ تیپەکە ناودەبات، ئەو دەڵێ، "ئەوەی لەبیرمە، بردنەوەمانە لە ریال مەدرید بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لە یەکەم وەرزی کارکردنم کەلەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو. هەروەها بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا و بردنەوە لە رکابەرێکی مێژوویی وەک ئیسپانیۆل. هەروەها زۆر یاریی دیکە کە ئاستی زۆرباشمان تێدا پێشاندا. ئێمە هەموو کات بەباشی دژی ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریمان کرد. ساتی باشمان هەبوو، لەسەروو هەموویەوە بردنەوەی نازناوی لالیگا، مەزنترین ساتی کاروانەکە بوو".
 
رکابەرەکەی ئەمشەوی بارسێلۆنا کە ئالمێریایە، بەفەرمی بۆ خولی پلە دووی ئیسپانیا دابەزیووە، پێشبینیکراو نییە ئەو یانەیە هیچ جۆرە ئازارێک لە یارییەکەدا دووچاری بارسێلۆنا بکات، هەر بۆیە دەکرێ چاڤی پلەی دووەمی ئەمساڵ لەرێگەی بردنەوەی یارییەکەوە مسۆگەر بکات و بەوەش یادەوەرییەکی دیکەی خۆش، لە سەدەمین یاریی لەگەڵ یانەکەدا لە یادەوەریی هەموواندا، تۆمار بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە