سەرۆکی فەرەنسا جارێکی دیکە گوشار دەخاتە سەر سەرۆکی ریال مەدرید

16-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیمانوێل ماکرۆن فلۆرێنتینۆ پێرێز کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی گوشاری ئاراستەی یانەی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە کرد سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لە ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس.
 
کاتێک پرسیار لە ماکرۆن کرا سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ  هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵیمپیاددا، کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، سەرۆکی فەرەنسا، لە لێدوانەکانیدا بۆ رادیۆی RMC Sportـی فەرەنسی، وەڵامی دایەوە و گوتی "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تیپێکمان هەبێت کە توانای رکابەریی هەبێت و متمانەم بە یانەکانی فەرەنسا و ئەوروپا هەیە".
 
لێیانپرسی، ئایا مەبەستت لە یانە ئەوروپییەکان ریال مەدرید و پێرێزی سەرۆکەکەیە؟ ئەویش بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی "رێک وایە، کاتێک باسی یانە ئەوروپییەکانم کرد، مەبەستم ئاماژەکردن بوو بەو مەبەستەم".
 
ماکرۆن پرسیارێکی دیکەی لێکرا کە ئایا لەگەڵ ئێمباپێ قسەی کردووە لەسەر ئەم بابەتە؟ لە وەڵامدا گوتی "لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ کیلیان نەکردووە، بەڵام هیوادارم یانەکەی رێگەی پێبدات بەشداری بکات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ماکرۆن گوتی "ئێمە پێش ئۆڵیمپیاد جامی نەتەوەکانی ئەوروپامان هەیە، ئەمەش کێشەکەیە، پێموایە دەبێت یانەکان هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین نمایشێکی نایاب بکەین، ئەمە یەکێکە لە نیگەرانییەکانی من، هیوادارم ئێمباپێ لە ئۆڵیمپیادی پاریس ببینم".
 
لەماوەی رابردوودا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە یانەی ریال مەدرید رێگە بە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی نادات، ئەوانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان بەشداریی یۆرۆ و کۆپا ئەمەریکا دەکەن، بەشداری لە ئۆڵیمپیادیشدا بکەن، بۆ ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ لە گوشاری دەروونی دووربکەونەوە و تووشی ماندووبوونیش نەبن.
 
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەی شاهانە، دوای ئەوەی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە و بە بەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە کە لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات. 
 
هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، "پێناچێت فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید هیچ حسابێک بۆ ئەم لێدوانانەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بکات، چونکە لای ئەو ریال مەدرید و بەرژەوەندییەکانی پێش هەموو شتێکن و هەر کاتێک ئەو بڕیارێکی لەپێناو یانەکەی دا حساب بۆ هیچ کەسێک ناکات، تەنانەت سەرۆکی وڵاتانیش".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە