ڤیدیۆ؛ بۆچی هەڵبژاردنەکانی یانەی هەولێر دواخران؟

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی هەولێر
یانەی هەولێر
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی کارگێڕیی یانەی هەولێر ئەنجامبدرێن و کارگێڕییەکی نوێ بۆ یانەکە دابنرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
دوای تەواوکردنی هەموو رێکارەکان بۆ هەڵبژاردن، شەوی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بڕیاری دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار درا.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش لە کوردستان لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "لەبەر بەرژەوەندی گشتی یانە و نەگونجاویی بارودۆخی یانەی هەولێر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و راوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیارماندا بە دواخستنی هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی گونجاوتر و لەبارتر، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری یانەی هەولێر."
 
چی روویدا؟
 
کاژێر 12:00ـی سێشەممە وادەی خۆ بەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنەکە کۆتاییهات، 28 کەس خۆیان بەربژێرکرد، 217 کەس لە دەستەی گشتی مافی دەنگدانیان هەبوو، دوای ئەوەی بەشی یاسایی یانەی هەولێر سەرجەم فایلی بەربژێرەکانی بردە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش هەمووان پێیانوابوو هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
 
شەوی رابردوو کۆبوونەوەیەکی سێ قوڵی کراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە هەڵبژاردنەکە نەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنەکە هاتنە پێشەوەی هەندێک کەس و خۆ بەربژێرکردنیانە کە لایەنی پەیوەندیدار رەزامەندیی لەسەر نییە و نایانەوێت ئەوان یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بۆیەش بڕیاردراوە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت.
 
رووداو زانیوویەتی، دوای کۆتاییهاتنی وادەی درێژکراوەی کارگێڕیی ئێستای یانەکە کە 7-1-2025 کۆتاییدێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش نووسراوێکی دیکە بۆ کارکردنی ئەم کارگێڕییەی ئێستای یانەکە دەردەکات.
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هیچ گۆڕانکارییەک لە کارگێڕیی یانەی هەولێردا ناکرێت، لایەنی پەیوەندیدار ئامانجیان بوو، هەڵبژاردنێک بکرێت ئەم کارگێڕییەی ئێستا روویەکی یاسایی پێبدرێت، بەڵام ئامانجەکەی نە پێکا، بۆیەش بڕیاردرا هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
 
دواخستنی هەڵبژاردنەکانی یانەی هەولێر کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا لێکەوتووە و هاندەرانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەشێکیان دەڵێن، کاتی هەڵبژاردن گونجاو نییە و بەشێکیشیان پێیانوایە دەبووایە هەڵبژاردنەکە کرابا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە تیپەکەدا روویدابا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە