سەرۆکی بایرن میونش لێدوانێکی سەیر لەسەر مێسی دەدات

16-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مێسی رومێنیگێ
A+ A-

رووداو دیجیتال

کارل هاینز رومێنیگێ، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لێدوانێکی سەیری لەسەر بەهای گرێبەستی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دا، دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا بەهای ئەو گرێبەستە خەیاڵییەی لیۆ لەلایەن میدیای ئیسپانییەوە دزەی پێکرا.

رۆژنامەی ئێل موندۆی ئیسپانی کۆپییەک لە گرێبەستەکەی مێسی بڵاوکردەوە و ئەو گۆڕانکارییە مشتومڕهێنەرانەی ئاشکراکرد کە لە گرێبەستی ئەو یاریزانەدا هەن و بەهای گرێبەستەکەی لە 4 ساڵدا زیاتر لە 555 ملیۆن یۆرۆیە.

سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن، لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا بەنیازنین گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل مێسی بکەن؟ گوتی "گرێبەست لەگەڵ مێسی؟! نەخێر ئەوە روونادات و مێسی نابێتە یاریزانی بایرن میونشن، من کە گرێبەستی ئەوم لە رۆژنامەکان بینی زۆر پێکەنیم" .

کارل هاینز رومێنیگێ، هەروەها گوتی "من تەنیا دەتوانم پیرۆزبایی لە مێسی بکەم بۆ ئەو مووچە گەورەیەی لە بارسێلۆنا وەریگرتووە، بەڵام بۆ بایرن میونشن ئەمە مەحاڵە، دۆخی ئێستای مووچە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و ئێمە کاری لەسەر دەکەین".

سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن، سەبارەت بە پرسیارێکی دیکە، کە ئامادەیە لەگەڵ یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی کاربکات؟ گوتی "من یاریزانی پێشووی یانەی ئینتەرمیلان بووم، ئەوەش رێگریم لێدەکات لەگەڵ یۆڤێنتوس کاربکەم، ئەوە مەحاڵە، چونکە تەنیا یەک دڵم هەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە