بێکهام جارێکی دیکە لە قافا گیرا

02-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دەیڤد بێکهام رێبێکا لۆس
A+ A-
رووداو هەولێر 

رێبێکا لۆس، خانمە یاریدەدەری تایبەتیی پێشووی دەیڤد بێکهامی ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی 60 خولەکی ئوسترالیا جارێکی دیکە نهێنییەکانی بێکهامی ئاشکراکردەوە و دووبارە قسەکانی مشتومڕێکی گەورەیان لێکەوەتەوە.
 
ئەو خانمە لە بەرنامەکەدا سکانداڵێکی ئابڕووبەرانەی بێکهامی ئاشکراکرد و وردەکاریی نوێی لەبارەی پەیوەندییە گوماناوییەکەی لەگەڵ ئەستێرە ئینگلیزەکە ئاشکراکرد.
 
لۆس کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2004 ئەو تۆمەتانەی ئاشکراکرد، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە نە درۆی کردووە و نە زیادەڕەوی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بێکهام کردووە، سەرەڕای بەردەوامی رەتکردنەوەکانی ئەو ئەفسانەیەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر ئەو تۆمەتانەدا، بەڵام مشتومڕەکە بەردەوامە و هەر لایەنێک پێداگری لەسەر گێڕانەوەی خۆی دەکات.
 
ریبێکا لۆس دەڵێت پەیوەندییەکی چوار مانگی لەگەڵ بێکهام هەبووە لەکاتێکدا بێکهام لە ساڵی 2003 یاری بۆ یانەی ریال مەدرید دەکرد، بەڵام خێزانی بێکهام چەندینجار ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فیلمی دیکۆمێنتاریی BECKHAM لە نێتفلێکس لە ساڵی 2023، مشتومڕەکە سەریهەڵدایەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بێکهام و ڤیکتۆریای هاوژینی باسیان لەو سەختییانە کرد کە لەو کاتەدا بەسەریاندا تێپەڕیون.
 
لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا ڤیکتۆریا ئەو قۆناخە بە "سەختترین" قۆناخی ژیانی هاوسەرگیریان وەسف دەکات، لەکاتێکدا بێکهام دان بەوەدا دەنێت کە دڵنیا نییە لە چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و دەڵێت "ڤیکتۆریا بۆ من هەموو شتێکە، ناچاربووین لەپێناو پەیوەندییەکەمان و بۆ خێزانەکەمان شەڕ بکەین".
 
"هەرگیز درۆم نەکردووە" 
 
لەو هەڤپەیڤینە نوێیەدا لەگەڵ بەرنامەکەی کەناڵی 60 خولەکی ئوسترالیا، لۆسی تەمەن 47 ساڵ، پێداگری لەسەر راستیی چیرۆکەکەی کردەوە و گوتی "من دەست بە راستییەکانەوە دەگرم، هەرگیز درۆم نەکردووە و زیادەڕەویم نەکردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رووبەڕووی "بەهێزترین دوو ژن و مێردی جیهان لەڕووی میدیاییەوە" بووەتەوە، کە خاوەنی کاریگەرییەکی بەرفراوان بوون و پارێزەری گەورەیان هەبوو، لەکاتێکدا جگە لە راستییەکان هیچی دیکەی نەگووتووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بینی بێکهام لە ئاهەنگی لەدایکبوونی رۆناڵدۆ نازاریۆی بەرازیلیدا لەگەڵ مۆدێلێکی جوان مەمەڵە دەکات هەستی بەوە کردووە کە لەلایەن بێکهامەوە فریودراوە و گوتی "کە ئەو دیمەنەم بینی هەستم کرد بەتەواوی فریودراوم".
 
ئەو دووپاتیکردەوە کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە رۆژنامەکانی بەریتانیا بڕیاریدا بە ئاشکرا قسە بکات و روونیکردەوە "باشتر بوو خۆم چیرۆکەکە بگێڕمەوە نەک دەربارەی من بیگێڕنەوە".
 
پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە ئەو قسانەی رێبێکا ببنەوە هۆکار بۆ هێنانەوەی کێشە و دڵەڕاوکێ لەنێو خێزانی دەیڤد بێکهامدا، کە ئێستا بەئارامی لە مەیامی ئەمریکی دەژین و خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامییە، کە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یاری بۆ دەکات.
 
رێبێکا لۆس لەگەڵ هاوژینەکەی سڤێن و دوو منداڵەکەی ژیانێکی ئارام لە نەرویج دەژی. ئەو کاتەکانی بە یۆگا و پاسکیلسواری و چێژوەرگرتن لە سروشت بەسەردەبات، چونکە خاوەنی خانوویەکی لادێیە لە ناوچەی بوسکێرود دوور لە قەرەباڵخی و جەنجاڵی میدیاکان.

 

رێبێکا لۆس، ڤیکتۆریا و بێکهام

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە