رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەمانەوە لە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودی دەبێتە خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی ئەو یانەیە، وەک لیۆنێل مێسی، کە دوای تەواوبوونی ماوەی یاریکردنی بۆ ئینتەرمەیامی ئەمریکی، دەبێتە خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانە ئەمریکییەکە.
لە چەند رۆژی دواییدا میدیاکان زۆر باسیان لەوە کرد کە داهاتووی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ دیارنییە، بەڵام ئەم دوو رۆژە میدیای سعودیە دووپاتیکردەوە کە دانوستاندنەکان لەگەڵ رۆناڵدۆ لەلایەن بەرپرسانی نەسڕەوە دەستیان پێکردووە و یاریزانەکە ئامادەیە گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی درێژ بکاتەوە، بەڵام بەمەرجێک.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەمەرجی ئەوە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2026 نوێ دەکاتەوە کە دواتر ببێتە هاوبەش لە خاوەنداریەتی یانەکە.
بەگوێرەی میدیای سعودی "رۆناڵدۆ داوای پشکی کردووە و بەرپرسانی یانەی نەسڕ ئامادەن 5٪ـی پشکەکانی یانەکەی پێبدەن لەپێناو مانەوە لە یانەکە".
هەرچەندە گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ تاوەکو هاوینی 2025 درێژدەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانەکە دەیانەوێت لە ئێستاوە مانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ مسۆگەر بکەن.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە مێژوودا، هەروەها خاوەنی پێگەیەکی گەورەی هەوادارانە لە جیهاندا. لەو کاتەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یانە سعودییەکە هەبووە، کە جگە لەلایەن وەرزشییەکە لە لایەنی میدیای و دارایی و ئابووریشەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ