ڤیدیۆ؛ ئەمشەو تۆتێنهام دەبێتە میوانی میلان

14-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
Photo by Marco BERTORELLO / AFP
Photo by Marco BERTORELLO / AFP
نیشانەکردن میلان تۆتێنهام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دەربازبوون لە بێئومێدییەکانی نێو سێریا ئەی. بۆ بەردەوامبوون لە رۆیشتن بەنێو کۆڵانی قۆناخەکانی چامپیۆنزلیگ.. میلان لە چامپیۆنزلیگدا میوانداری تۆتێنهام هۆتسپێر دەکات.
 
بەر لە یارییەکە میلان گەرچی لە سێریا ئەی لە تۆرینۆی بردەوە و خوێنبەربوونی خاڵەکانی خۆی راگرت، بەڵام بەرلەو بردنەوەیە، هیچ شتێک ئاماژەی باشی نەدەدا لە میلاندا. پێدەچێ تەنیا بردنەوەیەک نەتوانێ تیپەکەی ستیفانۆ پیۆلی لەو پرسیارە گەورانە رزگار بکات کەلەسەری کەڵەکەبوون و هەمووان بە ئاوازی جیاواز دووپاتیدەکەنەوە و دەڵێن: ئەرێ میلان بۆ وا داڕووخاوە؟
 
میلان بەر لە یارییەکەی تۆتێنهام کۆمەڵێک کێشە و گرفتی کاریگەری هەیە.. جیا لە پێکانە بەردەوامەکانی تیپەکە کە دوایەمینیان ئیسماعیل بن ناسڕ بوو، ئەو یانەیە لە هەفتەکانی رابردووی خولی ئیتاڵیادا بە زنجیرەیەک شکستدا تێپەڕی کە پێشبینی هاندەرانیان لەبارەی توانای تیپەکەوە خستووەتە ژێر پرسیاری گەورەوە.
 
ئەگەر میلان بیەوێ لە چامپیۆنزلیگ بەردەوام بێت، بێگومان دەبێ ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامێکی باش بەرامبەر تۆتێنهام تۆمار بکات، چونکە لە یاری گەڕانەوەدا تۆتێنهام لەسەر یاریگەی خۆی، مەترسیدارتر و متمانەدارتر رووبەڕووی میلان دەبێتەوە.
 
ئەوەی کێشەی گەورەیە بۆ میلان بەر لە یارییەکە ئاشکرایی خاڵە لاوازەکانی میلانە کە دەکرێ تۆتێنهام زۆر بەباشی لە بەرژەوەندی خۆی بیانقۆزێتەوە و هاوکات خاڵە لاوازەکانی میلان، چەکی زۆر بەهێزن لە تۆتێنهامدا.. میلان کێشەی زۆری لە تۆپە جێگیرەکاندا هەیە، لە کاتی لێدانەکاندا یاریزانانی میلان بەباشی چاودێری هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر ناکەن و لە شوێنی هەڵەدا دەوەستن و ئەوەش گۆڵکردن لێیان ئاسان دەکات.
 
یارییەکانی رابردووی میلان بەرامبەر هەریەکە لە ئینتەرمیلان، ساسولۆ و لازیۆ، دەریخست کێشە گەورەکەی ئەو تیپە تۆپە جێگیرەکانە.. خاڵێکی دیکەی لاواز و کاریگەر لە تیپەکەی پیۆلیدا، گۆڕانی هێڵی بەرگرییە لە باشترینەوە بۆ خراپترین.. بەرگری میلان وەرزی رابردوو نازناوی سێریا ئەی بەیانەکە بەخشی، ئەمساڵ هەر زوو بە رکابەرەکانی گوت، ئێمە توانامان نییە و فەرموو ئێوە پێشمانکەون.
 
ئەم خاڵە لاوازانەی میلان بۆ تۆتێنهام جێگەی سەرنج دەبن، بەتایبەت کە یانە ئینگلیزییەکە چەکی کاریگەر و یاریزانی باڵابەرزی هەن کە دەتوانن بە ئاسانی تۆپە بەرز و جێگیرەکان بۆ گۆڵ وەربگێڕن، لەپێشی هەموویانەوە هاری کەین دێت. بەڵام تۆتێنهامیش بەدڵنیاییەکی زۆرەوە روو لە یارییەکە ناکات.. سەرەتای هەفتە لەلایەن لێستەر سیتییەوە شۆککرا و دووچاری شکستێکی گەورە کرا.. تۆتێنهام لە دە یاری رابردووی خۆیدا، پێنج جار دۆڕاوە و ئەوەش دووپات لەوە دەکاتەوە، یارییەکەی ئەمشەو، رووبەڕووبوونەوەی دوو تیپی ناسەقامگیرە کە هەریەکەیان دەیەوێت بەشێک لە کێشەکانی خۆی، بەسەرکەوتن بەسەر ئەویدیکەدا، چارەسەر بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە