رووداو دیجیتاڵ
میللەت جەمال، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کشانەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکەیان لە خولی نایابی کوردستان راگەیاند.
میللەت جەمال، بە رۆژنامەڤانانی گوت " لە 15-7-2022ـەوە بە نووسراوی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە بارودۆخی یانەکە ئاگادارکردووەتەوە و پێمان راگەیاندوون، ئەگەر بەمشێوەیە بارودۆخی یانەکە بەردەوام بێت ناتوانن تیپەکە بەڕێوەببەن، لە ماوەی 53 رۆژی رابردووشدا یاریزانەکانی تیپەکە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، بۆیە بڕیارماندا یانەکە لە خولی نایابی کوردستان بکشێنینەوە."
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر تاوەکو 15 رۆژی دیکە بارودۆخی یانەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، ناچار دەبن بڕیاری کشانەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکەیان لە خولی نایابی عێراقیش بدەن، کە دەکرێت ئەو بڕیارانەی لە ماوەی داهاتوودا دەدرێن بۆ هاندەرانی یانەکە مایەی نیگەرانی بن.
میللەت جەمال دەڵێت " هیچ دەرگایەک نەماوە لێی نەدەن بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکرێت، بەڵام هیچ هاوکارییەکی تیپەکە نەکراوە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لەو بڕوایەدا نین کە هیچ شتێک بەناوی یانەی دهۆک بمێنێنێتەوە، بۆ ئێمەش جێگەی پرسیارە کە بۆچی هاوکاریی یانەی دهۆک ناکرێت و نازانین هۆکارەکە چییە."
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک دەڵێت " داهاتی یانەی دهۆک بەتەنیا 20 ملیۆن دینارە، ئەگەر هەر کەسێک دەتوانێت بەم داهاتە یانەکە بەڕێوەببات با بێت دەرگای یانەی دهۆک بەڕوویدا کراوەیە، بەڵام بەداخەوە کە هاوکاریی یانەکە ناکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانمان بۆ هاوکارییکردنی یانەکە نەدراوە."
یانەی دهۆک لە خولی نایابی کوردستاندا 5 یاریی کردووە 3 بردنەوەی هەیە، 2 یاریی دۆڕاندووە و بە 9 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ