چوار یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران

13-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانەکانی بۆ کەمپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکە لە دەوحە راگەیاند و ناوی چوار یاریزانی کوردی تێدایە.
 
کاساس ناوی 21 یاریزانی بۆ کەمپەکە راگەیاندووە، کە 25ـی ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستپێدەکات و دوای ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ بەسرە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی داهاتوو لە پاڵاوتنەکاندا.
 
لە لیستەکەدا ناوی هەریەکە لە ئاکام هاشم، بەرگریکاری نوێی یانەی شورتە، هیران ئەحمەد، یاریزانی یانەی قوە جەوییە، پاشەنگ عەبدوڵڵا هێرشبەری یانەی دهۆک و ئوسامە رەشیدی تێدایە کە ئێستا ئەم یاریزانە کوردە بێ یانەیە.
 
جگە لەوە هەریەکە لە ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم، لە یانەی زاخۆ دوو دیارترین ناون کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەبن لەو کەمپەدا.
 
خیسوس کاساس لەبارەی راگەیاندنی لیستی یاریزانەکانی دەڵێت "ئەمە لیستی کۆتایی نییە، تەنیا بۆ کەمپەکەی دەوحەیە، دوای ئەوە چەند یاریزانێکی دیکە بۆ هەڵبژاردەکە زیاددەکرێن، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ یاریی بەرامبەر عومان و کوێت ئامادەبکەن، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2024.
 
کاساس زیاتر گوتی "دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە مانگی رابردوودا، پشوو وەرگرتنی یاریزانان کاریگەریی لەسەر یاریزانەکان هەبووە و پێویستە ئامادەکارییەکی باش بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵەیەکی باش بۆ هەڵبژاردەکە دەستنیشابکەین و چەند یاریزانێکی پیشەگەریش کە لەگەڵ یانەکانیان بەردەوامن بانگهێشت دەکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە