گاستۆن ئیدۆڵ نهێنی نوێ لەسەر "کامیرا بوبو" ئاشکرا دەکات

13-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گاستۆن ئیدۆل لیۆنێل مێسی کامیرا بوبو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گاستۆن ئیدۆڵ، میدیاکاری ئەرجەنتینی، یادەوەرییەکانی چاوپێکەوتنە بەنێوبانگەکەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەگێڕێتەوە، کە هەندێک بە سەیرترین دەزانن لە مێژووی تۆپی پێدا.
 
ئیدۆڵ لەدوای یاریی ئەرجەنتین و هۆڵەندا، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مێسی ئەنجامدا و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
 
ئەوکات مێسی هەمووانی سەرسام کرد دوای ئەوەی زۆر بە تووڕەیی قسەی بە یەکێک لە یاریزانە هۆڵەندییەکان گوت لە کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەدا، و پێیگوت "سەیری چی دەکەیت گەمژە؟!". ئیدی بە "کامیرا بوبو" ناسێنرا.
 
ئیدۆڵ سەبارەت بەو چاوپێکەوتنە، دەڵێت "40 ملیۆن کەس سەیری چاوپێکەوتنەکەیان کردووە، تاوەکو ئێستاش لە هەر شوێنێک بمبینن، چ لە فڕۆکەخانە، چ لە بازاڕ، لە رێستوارن و یان لە هەر شوێنێک، ئەوەم بیردەخەنەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوانەیە ساتێکی جوانی یاخیبوون بێت، هەر بۆیە ئێمە وەک خەڵکی ئەرجەنتین دوای یارییەکی سەخت زۆرمان خۆشویستووە".
 
ئایدۆڵ دانپێدانانێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بەو چاوپێکەوتنە دەکات و دەڵێت "بێگومان مێسی پەشیمانە، چونکە هەمیشە دەیەوێت ببێتە نموونەیەک بۆ منداڵان".
 
لیۆنێل مێسی لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ ئەوەی بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی مۆندیال، دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالەکانی 1978 و 1986.
 
مێسی بۆ یەکەمجار لە ژیانی تۆپی پێیدا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا و کۆتایی بەو رەخنانە هێنا کە ئاراستەی دەکران بەهۆی ئەوەی دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستنەهێنابوو کە بەراورد بکرێت بەو کارەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی ئەرجەنتینی ئەنجامیدا.
 
لە کۆتاییدا لیۆنێل مێسی نازناوی کۆپا ئەمریکای 2024ـیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەدەستهێنا، کە بۆ دووەمجار بوو لەسەریەک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە