ئەمڕۆ جامی ئەفریقا دەستپێدەکات.. پاڵەوانێتییەکی پڕ لە ئەستێرەی جیهانی

13-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
جامی ئەفریقا
جامی ئەفریقا
نیشانەکردن جامی ئەفریقا کوتدیڤوار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتدیڤوار چاوی هاندەرانی کیشوەری ئەفریقا بۆ خۆی دەبات، جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەستپێدەکات و دەیان ئەستێرەی بەنێوبانگ بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی هەڵبژاردەکانیان بکەن بۆ گەیشتن بە نازناوەکە.
 
کۆتدیڤوار ئامادەکارییەکی زۆری بۆ جامی ئەفریقا کردووە، شەش یاریگەی جیاواز بۆ میوانداریکردنی یارییەکان ئامادەکراون و جاری دووەمە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە لە کۆتدیڤوار بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر لە 1984 میواندارییکردبوو، بەڵام ئیڤوارییەکان نایانەوێت سیناریۆی میوانداریکردنی یەکەمیان لە پاڵەوانێتیی ئەمجارەدا دووبارەببێتەوە، لەکاتێکدا ئەو کاتە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەرکران.
 
جامی ئەفریقای ئەمجارە پڕە لە ئەستێرەی جیاواز، چەندین یاریزانی بەنێوبانگ لە تیپە جیاوازەکاندا دەردەکەون، هەموو ئامانجەکان بردنەوەی جامەکەیە، لە هەڵبژاردەی میسری خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە، محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول باشترین چەکی بەردەستی روی ڤیتۆریای راهێنەری هەڵبژاردەکەیە بۆ ئەوەی دوای 14 ساڵ دوورکەوتنەوە، تیپەکە بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
لە هەڵبژاردەی نەیجیریا چاوەکان لەسەر ڤیکتۆر ئۆسیمێن دەبن، بۆ ئەوەی ئەو ئاستە بەرزەی لە ناپۆلی هەیەتی بۆ نێو هەڵبژاردەکەی بگوازێتەوە، نەیجیریا خاوەنی 3 نازناوە و لە 2013ـەوە نەبووەتە پاڵەوان.
 
ئەو هەڵبژاردەیەی لە جامی ئەفریقای ئەمجارە زۆرترین چاوی لەسەر دەبێت، هەڵبژاردەی مەغریبە، مەغریبییەکان لە مۆندیالی 2022 هەمووانی سەرسامکرد و پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا، بۆ ئەم جامی ئەفریقایە بەربژێری سەرەکین، ئەشرەف حەکیمی و هاوڕێکانی دەیانەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی 48 ساڵەی وڵاتەکەیان بهێنن بۆ بردنەوەی دووەم نازناوی کیشوەری.
 
سەنیگال پاڵەوانی وەشانی رابردووی جامی ئەفریقایە، ئەمجارەش سادیۆ مانێ ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی پاڵەوانیتییەکە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
 
کۆتدیڤواری میوانداری پاڵەوانێتییەکە پشت بە تواناکانی سێباستیان هالەر و فرانک کیسێ دەبەستێت، بۆ ئەوەی لە خاکی خۆیدا رکابەری بۆ بردنەوەی نازناوەکە بکات و سێیەم نازناوی لە مێژووی خۆیدا بباتەوە.
 
جامی ئەفریقا بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە ئەنجامدەدرێت، هەڵبژاردە بەشدارەکان بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکراون، براوەی نازناوەکە 7 ملیۆن دۆلار و خاوەنی پلەی دووەمیش 4 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە