رووداوێکی سەیر و هاوشێوە لە جامی ئاسیا و ئەفریقا

08-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئوردن پۆرتوگال کۆتدیڤوار جامی ئاسیا جامی ئەفریقا یۆرۆی 2016
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر ئاستی کیشوەری ئێستا دوو پاڵەوانێتیی تۆپی پێ بەڕێوەدەچن و هەردووکیان بەرەو کۆتایی دەچن، جامی نەتەوەکانی ئاسیا و جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەردوو پاڵەوانێتییەکەش رووداوێکی سەیر و هاوشێوەی تێدایە.
 
لە یاریی کۆتایی هەردوو پاڵەوانێتییەکەدا، دوو هەڵبژاردە یاریی دەکەن، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە سێیەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتوون، بەڵام ئێستا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
 
جامی ئەفریقا
 
لە رکابەرییەکانی جامی ئەفریقا کە یارییەکانی لە کۆتدیڤوار بەڕێوەدەچن، رووداوێکی سەیر روویدا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەڵبژاردەی کۆتدیڤواری میوانداری پاڵەوانێتییەکە خراپترین ئاستی پێشکێشکرد، لە یاریی یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە غینیا بیساوی بردەوە، دوای ئەوە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە نەیجیریا دۆڕا و پاشانیش بەرامبەر غینیای کەمەرەیی 4 گۆڵی لێکرا.
 
کۆتدیڤوار تەنیا 3 خاڵی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەدەستهێنا، هێشتا یاریی هەڵبژاردەکانی دیکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا مابوون، کاتێک ماڵئاوایی کۆتدیڤوار لە جامەکەدا بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەوە، هاندەرانی هەڵبژاردەکە تووڕە بوون و هێرشیانکردە سەر پاسی تیپەکەیان و جامەکانی شکێنران.
 
دوای ئەوە هەڵبژاردەکە جیان لویس گاسێ، راهێنەری فەرەنسیی هەڵبژاردەکەی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە پۆستەکەی دوورخستەوە، بەڵام ئەوەی خەڵکی کۆتدیڤوار چاوەڕێی نەبوون روویدا.
 
یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان تەواوبوون، زامبیا و غانا لە کۆمەڵەکانیاندا تەنیا 2 خاڵیان کۆکردەوە، بەمەش کۆتدیڤوار هەلی ئەوەی بۆ رەخسا بگاتە قۆناخی دووەم و وەک یەکێک لە سێیەمان گەیشتە قۆناخی شازدە.
 
دوای ئەوە کۆتدیڤوار لە قۆناخی شازدە بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە سەنیگالی بردەوە، پاشان مالیی کردە دەرەوە و لە قۆناخی پێشکۆتاییشدا سەرکەوتنی بەرامبەر کۆماری کۆنگۆ بەدەستهێنا، ئێستا ئەو هەڵبژاردەیەی لە قۆناخی یەکەمدا لە لێواری مەرگ گەڕایەوە لە یاریی کۆتاییە.
 
کۆتدیڤوار ئێستا لەلایەن ئێمرێسێ فا، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەکەوە راهێنەرایەتیی دەکرێت، کە تەمەنی 40 ساڵە و یەکەمجارە کاری راهێنەرایەتیی دەکات، لە یاریی کۆتاییدا رکابەریی هەڵبژاردەی نەیجیریا دەکات کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە یەک کۆمەڵەدا بوون و نەیجیریا 1-0 لە هەڵبژاردەی میوانداری بردبووەوە.



جامی ئاسیا
 
لە جامی ئاسیادا کە یارییەکانی لە قەتەر بەڕێوەدەچن و تەنیا یاریی کۆتایی ماوە، هەڵبژاردەی ئوردن بووە سوپرایزێکی گەورە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئوردن لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، سەرەتا 4-0 لە مالیزیای بردەوە، پاشان 2-2 لەگەڵ کۆریای باشوور یەکسانبوو و لە یاریی سێیەمیدا بە 0-1 بەرامبەر بەحرەین دۆڕا، بەمەش هەڵبژاردەکە 4 خاڵی بەدەستهێنا و وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا.
 
لە قۆناخی 16، ئوردن بردنەوەیەکی گرنگی بەسەر هەڵبژاردەی عێراقدا تۆمارکرد و گەیشتە قۆناخی هەشت، پاشان لە تاجیکستانی بردەوە و لە قۆناخی پێشکۆتاییشدا سەرکەوتنێکی مێژوویی بە 2-0 بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بەدەستهێنا.
 
ئێستا ئوردن لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیایە و رۆژی شەممە بەرامبەر قەتەری میواندار رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

 
لە یۆرۆی 2016 چی روویدا؟
 
لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ساڵی 2016، کە یارییەکانی لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەمووانی سەرسامکرد، کاتێک هەڵبژاردەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هیچ یارییەکی نەبردەوە، بە سێ یەکسانبوونی لەسەریەک لەگەڵ ئایسلەندا، نەمسا و هەنگاریا بە سێ خاڵ وەک سێیەمی کۆمەڵەی شەشەم گەیشتە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە قۆناخی 16، پۆرتوگال بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە کرواتیای بردەوە، دوای ئەوە لە قۆناخی هەشت بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بەرامبەر پۆڵەندا سەرکەوت و چووە قۆناخی پێشکۆتایی، لەو قۆناخەشدا بە 2-0 سەرکەوتنی بەرامبەر وێڵز بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی.
 
لە یاریی کۆتاییدا پۆرتوگال، بەرامبەر فەرەنسای میوانداری پاڵەوانێتییەکە یارییکرد، بە گۆڵێکی ئیدێر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە سێیەمی کۆمەڵەکەیەوە گەیشتە بردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتی کیشوەری ئەوروپا.
 
ئێستا لە ئەفریقا و ئاسیا، هەردوو میوانداری پاڵەوانێتییەکە لە یاریی کۆتایین و دەکرێت، یەکێک لەو هەڵبژاردانە نازناوەکە بباتەوە، کە بە سێیەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە