ئه‌مڕۆ كلاسیكۆی گه‌وره‌ی تێنس به‌ڕێوه‌ده‌چێت

12-07-2019
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن فێدرێر نادال وێمبڵدۆن
A+ A-

رووداو – هه‌ولێر


ئه‌مڕۆ یاریی كلاسیكۆی تێنس له‌ نێوان هه‌ردوو ئه‌ستێره‌ی ناوداری رۆجێر فێدرێر و رافائیل نادال ئه‌نجامده‌درێت.

ئه‌مڕۆ له‌ قۆناخی پێشكۆتایی پاڵه‌وانیه‌تیی تێنسی وێمبڵدۆن، رۆجێر فێدرێری سویسری و رافائیل نادالی ئیسپانی رووبه‌ڕووی یه‌كدی ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ یاریی ژماره‌ 40ی نێوان هه‌ردوو یاریزانه‌  له‌ مێژووی دیداره‌كانی نێوانیان و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئاره‌زوومه‌ندانی تێنس و چاودێران، یه‌كێك له‌ یارییه‌ به‌هێز و گرنگه‌كانی ئه‌مساڵ ببینن.

 

له‌ كۆی دیداره‌كانی نێوانیاندا، نادال بردنه‌وه‌ی زیاتری به‌سه‌ر فێدرێر تۆماركردووه‌، كه‌ 24 بردنه‌وه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا فێدرێر 15 بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر نادال هه‌یه‌.
ئه‌م یارییه‌ش یه‌كه‌م یاریی نێوان هه‌ردوولایه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ چیمه‌نه‌كان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2008ـه‌وه‌.

له‌ قۆناخی رابردوودا فێدرێر بردنه‌وه‌ی ژماره‌ 100ی خۆی تۆماركرد، كاتێك له‌ كی نیشیكۆریی ژاپۆنی برده‌وه‌ و خۆی گه‌یانده‌ پێشكۆتایی، له‌ به‌رامبه‌ردا رافائیل نادال به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ سام كوێریی ئه‌مریكی به‌ سێ كۆمه‌ڵه‌ی له‌سه‌ریه‌ك، بردنه‌وه‌ی له‌ قۆناخی رابردوودا به‌ده‌ستهێنا و ده‌ربازی پێشكۆتایی بوو.

نادال له‌ وێمبڵدۆنی ئه‌مساڵدا پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ پێشكۆتایی، ته‌نیا یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی له‌ یارییه‌كانیدا دۆڕاندووه‌، له‌وه‌ته‌ی 2008ـیشه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌نجامێكی وه‌ها تۆماربكات، ئه‌وكاتیش توانی له‌ فێدرێر بباته‌وه‌.

یاریی كۆتایی ساڵی 2008ی وێمبڵدۆن له‌ نێوان فێدرێر و نادالدا، به‌ یه‌كێك له‌ شكۆدارترین یارییه‌كانی كۆتایی له‌ مێژووی تێنسدا هه‌ژمار ده‌كرێت، كاتێك یارییه‌كه‌ گه‌یشته‌ 5 كۆمه‌ڵه‌ و نادال توانی به‌ چوار كاژێر و 48 خوله‌ك یارییه‌كه‌ له‌ فێدرێر بباته‌وه‌ و نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ رۆجێر فێدرێر سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی له‌ یاریگه‌ چیمه‌نه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌ و زیاتر له‌و یاریگه‌یانه‌دا باڵاده‌سته‌، به‌ڵام نادال زیاتر له‌ یاریگه‌ گڵه‌كاندا به‌هێزه‌ و به‌ پاشای یاریگه‌ گڵییه‌كان ناسراوه‌، تاوه‌كو ئێستا 12 نازناوی پاڵه‌وانیه‌تیی كراوه‌ی فه‌ره‌نسای به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌ یاریگه‌كانی گڵن.

فێدرێر و نادال پێشتر 3 جار له‌ یاریگه‌ چیمه‌نه‌كاندا به‌رامبه‌ر یه‌كدی یارییان كردووه‌، هه‌ر سێ یارییش، یارییه‌كانی كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی وێمبڵدۆن بووه‌ له‌ ساڵانی 2006، 2007 و 2008.
ئه‌مڕۆش كاژێر 17:00 به‌ كاتی كوردستان هه‌ردوو یاریزان جارێكی دیكه‌ هه‌ر له‌ وێمبڵدۆندا به‌یه‌كده‌گه‌ن، به‌ڵام تۆبڵێی ئه‌مجاره‌ نازناوه‌كه‌ بۆ كامه‌یان بێت؟


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە