رووداو دیجیتاڵ
ئەوەندەی سیاسی بوو، ئەوەندەش وەرزشوان بوو.. ئەوەندەی وەک خاوەن پڕۆژە و پلانی چاکسازی ناسرابوو، ئەوەندەش وەک کەسایەتییەکی گومانلێکراوی گەندەڵ دەردەکەوت... سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، ئەگەر ئیتاڵییەکان یادی ئەو وەک سەرۆکوەزیران و سیاسییەکی بەنێوبانگ بکەنەوە، هاندەرەکانی میلان ئەو وەک خاوەن و سەرۆک یانەی زێڕین لە مێژووی رۆسۆنێریدا دەیناسنەوە.
میلانیستا، ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر خەمبار دەبن، چونکە ئەوان ئیدی بیر لە یادەوەرییە زێڕینەکانی کەسایەتی و سەرۆکێک دەکەنەوە، کە یانەکەی گەیاندە لووتکەی جیهان و ساڵانێکی زۆر لەسەر سەکۆی نازناوەکان هێشتییەوە.
بێرلوسکۆنی یەکێکبوو لە بەناوبانگترین ئەو سەرۆک یانانەی لە نیو سەدەی رابردوودا بەنێو دونیای تۆپی پێی ئەوروپادا گوزەریان کرد.. ئەو هەر خۆی، رۆڵی گەورەی هەبوو لە ژیاندنەوە و گەیاندنی میلان بە سەرتۆپی جیهان و دواتریش شکستپێهێنان و کەوتنی یانەکە.
ساڵی 1986 سەردەمی بێرلوسکۆنی لەگەڵ میلان دەستیپێکرد، ئەو زیاتر لە سی ساڵ لە لووتکەی دەسەڵاتی میلاندا مایەوە و رۆژگاری زێڕین و درەوشانەوەی لە مێژووی یانەکەدا نووسییەوە، بەرلەوەی تەنگژە دارایی و سیاسییەکان و سکانداڵە سێکسییەکان هەموو شت لە ژیانی ئەودا لە گرێژنە دەربهێنن و میلان بخەنە بەردەم دووڕیانی مەرگ یان مایەپووچبوونەوە.
بیرلوسکۆنی کاتێک بووە خاوەنی میلان، ئەو یانەیەی لە مایەپوچبوون رزگارکرد و تاوەکو ساڵی 2004 لەسەرۆکایەتی یانەکە بەکردەنی مایەوە، بەرلەوەی بەهۆی سەرقاڵبوون بەکاری سیاسییەوە سەرۆکایەتی یانەکە بۆ ئادریانۆ گالیانی، هاوڕێی دێرین و هاوکاری بەجێبهێڵێت، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەکە بهێڵێتەوە.
سیلڤیۆ لە دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتیی میلانەوە، سیاسەتی دروستکردنی تیپێکی گەورەی لەسەرئاستی ئەوروپا گرتە بەر و ئەستێرە دیارەکانی دونیای لە خۆی کۆکردەوە.. لەگەڵ بیرلسکۆنیدا یانەکە لە ماوەی 31 ساڵدا، 29 نازناوی جیاوازی بەدەستهێنا، لە نێویاندا پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ و 8 نازناوی سێری ئا.
میلان لەو کاتە مێژووییەدا بووە رووگەی ئەستێرە دیار و گەورەکانی ئەوروپا، سیانەی مێژوویی مارکۆ ڤان باستن، رایکارد و گۆلیێت بوونە درەوشاوەترینی سەر ئاستی ئەوروپا و دواتریش هێنانی ئاریگۆ ساکی راهێنەر، شۆرشێکی گەورەی لە تاکتیک و شێوازی یاریکردن لەو سەردەمەدا هێنایە ئاراوە.
بێرلوسکۆنی کە خۆی لە بنەمادا سەرمایەدارێکی گەورەی ئیتاڵی بوو، ساڵی 2017 ناچاربوو بەیەکجاری بیر لە فرۆشتنی میلان بکاتەوە، چونکە تەنگژەی دارایی جیهان و مایەپووچبوونی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بێرلوسکۆنی و بێتوانایی کارگێڕیی یانەکە لە خەرجکردنی پارەی زیاتر بۆ زیندوو هێشتنەوەی میلان لەپێناو رکابەریی لەسەر نازناوەکان، وایانکرد بێرلوسکۆنی لە کۆتاییدا بەناچاری دەستبەرداری خاوەندارێتی میلان ببێت بەرامبەر بە 750 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ