رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ هاوشێوەی یانە بەنێوبانگەکانی تورکیا و جیهان، هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەکات.
بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی خولی عێراقدا، یانەی زاخۆ بڕیارییدا داهاتی یارییەکە پێشکێشی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان بکات.
بەر لەدەستپێکردنی یارییەکە یاریزانانی هەردوولا خولەکێک بەبێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی ئەو کەسانە وەستان کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیانلەدەستدا، لە نیوەی دووەمی یارییەکەشدا، یاریزانانی هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر بانەرێکی گەورەیان بەرزکردەوە، کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لەسەری نووسرابوو " خەڵکی کوردستان و زاخۆ هاوخەمە لەگەڵ لەگەڵ قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا."
بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیارماندا داهاتی یارییەکە پێشکێشی قوربانییانی بوومەلەرزەکە بکەین، هەرچەند تاوەکو ئێستا بەتەواوی پارەکە کۆنەکراوەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەکەین داهاتەکە بگاتە 20 ملیۆن دینار، هەرچەند ئەگەر پارەکە زۆریش نەبێت، بەڵام لە رووی مانەوییەوە گرنگییەکی زۆری دەبێت."
ئەوەی لە یارییەکەدا بۆ هەمووان جێگەی سەرنجێکی زۆر بوو، ئەو بانەربوو کە لەلایەن هاندەرانەوە بەرزکرابووەوە و لەسەری نووسرابوو " باکوور و رۆژئاڤا، زاخۆ بۆ ئێوە زۆر دڵتەنگە، ئێمە لە زاخۆین، بەڵام دڵمان لای ئێوە، برین و خوێنی ئێمەی کورد یەکە."
زاخۆ و هەولێر لە یارییەکەدا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون و هەریەکەیان خاڵێکیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ