راهێنەری یانەی نەورۆز لەبارەی یانەی هەولێرەوە هۆشداری دەدات

12-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن وەلی کەریم راهێنەری یانەی نەورۆز خولی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری یانەی نەورۆز دەڵێت " یانەی نەورۆز لە سەرەتای وەرزەوە ئەگەر لە یاریگەی خۆماندا یاریمان بکردایە، دەمانتوانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەین.
 
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز، دوای بردنەوەیان لە نەفت وەسەت، بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت " یاریگەی فرانسۆ هەریری بۆ ئێمە بووەتە خێر، مەودوای بەغدا و نەجەف و شارەکانی دیکە بۆ یاریزانەکان زۆر دوورە، سوپاس بۆ خوا لە 3 یارییدا لە یاریگەی فرانسۆ هەریریدا 7 خاڵمان بەدەستهێنا و یارییەکەی بەرامبەر شورتەش بۆ ئێمە وەک بردنەوە وایە."
 
راهێنەری یانەی نەورۆز زیاتر دەڵێت " رکابەریکردن کات و یاریگەی پێویستە، راستە ئێمە لە هەولێر یارییدەکەین، بەڵام ئەگەر لە سەرەتای وەرزەوە لە یاریگەی خۆمان یارییمان بکردایە رکابەریمان دەکرد و قورس دەبوو لە سلێمانی خاڵ لەدەستبدەین، راستە لە هەولێرین، بەڵام کەم هاندەر دێن بۆ سەیرکردنی یارییەکانمان و ئەمەش کاریگەریی لەسەر تیپەکە هەیە."
 
وەلی کەریم لەبارەی یاریی داهاتوویان کە رووبەڕووی یانەی هەولێر دەبنەوە گوتی " سەیری هەموو یارییەکان دەکەم، بۆ ئەوەی شرۆڤەی تیپەکە بکەم و بۆ یاریزانەکانمان خاڵی بەهێز و لاوازیان روونبکەمەوە، هەولێر لە ریزبەندەکەدا بارودۆخی باش نییە، بەڵام هەولێر هەر هەولێرە و دەتوانێت بگەڕێتەوە و رکابەری بکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی رکابەریکردنی یانەکانی وەک شورتە، قوە جەوییە و تەڵەبە قورسە."
 
راهێنەری نوێنەرەکەی سلێمانی لە خولی عێراقدا بە رووداوی گوت " سوپاسی رووداو دەکەین کە بەردەوام لە مەشقەکانماندا، لە یارییەکانی تیپەکەماندا ئامادەن و ئەمە بۆ ئێمە پاڵپشتییەکی گرنگە."
 
یانەی نەورۆز لەم وەرزەی خولی نایابی عێراقدا، لە 16 یارییدا 6 یاریی بردووەتەوە، 2 جار یەکسانبووە و 8 یاریی دۆڕاندووە، بەڵام لە 4 یاریی رابردوودا، یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئێستا بە 20 خاڵ لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولی عێراقە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە