چاڤی: خولی سعودیە بۆ رۆناڵدۆ ئاسان نابێت

12-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ چاڤی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هیرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە خولی سعودیە بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاسان نابێت، لەبەرئەوەی خولێکی زۆر رکابەرییە و پڕە لە یاریزانی کوالیتی بەرز. گوتیشی "کریستیانۆ لە سروشتەوە یاریزانێکی رکابەرییە و دڵنیام لێرەش جیاوازی دروست دەکات".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی شا فەهەد لە ریازی پایتەختی سعودیە، یانەی بارسێلۆنا لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا رووبەڕووی یانەی ریال بێتیس دەبێتەوە و براوەی یارییەکە لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە، کە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە ڤالێنسیای بردەوە.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ئەگەر ببەینەوە ئەوە بەهێزترمان دەکات و ئەگەر بدۆڕێنین نائومێدکەر دەبێت، نازناوێک لەدەستدەدەین، با چاوەڕێ بکەین، ئەوە واقیعەکەیە".
 
ئەو هەروەها گوتی "ئێمە رکابەرییەکی سەخت دەکەین، هەموو هەوڵێک دەدەین، لە ئاستی خۆماندا دەبین. بەرزترین ئاست. دەبینین تا چەند دەتوانین بڕۆین. بەڵام ئێمە کارێکی باش دەکەین، ئەخلاقمان بەرزە و متمانەمان بەخۆمان هەیە".
 
سەبارەت بە خولی سعودیە و کریستیانۆ؟ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا، گوتی "رۆناڵدۆ دەبینێت کە خولێکی چەند رکابەرییە، رەنگە خەڵک زۆر لەو بارەیەوە نەزانن، بەڵام لە هەر تیپێکدا هەشت یاریزانی بیانی هەن و ئەمانە تیپی کوالیتی بەرزن".
 
چاڤی ئینجا لەبارەی یانەی نەسڕیشەوە گوتی "نەسڕ تیپێکی گەورەیە و بەڕاستی تیپی زۆر باش لە سعودیە هەن، ئەمە خولێکی رکابەرییە و ئاسان نابێت بۆ رۆناڵدۆ، بەڵام ئەو لە سروشتەوە یاریزانێکی رکابەرییە و دڵنیام لێرەش جیاوازی دروست دەکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە