رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس گەڕایەوە و بردنەوە و سەرکەوتنیش گەڕانەوە، یانەی ریال مەدرید بردنەوەی سێیەمی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی ئاتاڵانتای بردەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئاتاڵانتا یاریی کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد.
دوای تەنیا دە خولەک یارییکردن کیلیان ئێمباپێ دەرگای گۆڵکردنی بۆ یانەی شاهانە کردەوە و ریال مەدریدی پێشخست.
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە و لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، چارلس دی کیتێلاری بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ ئاتاڵانتا یەکسانکردەوە.
لە خولەکی 56 ڤینیسیۆس جونیۆر ریال مەدریدی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، دوای سێ خولەک ڤینی ئاسیستی کرد و بێلینگهام گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
لە خولەکی 65 ئادێمۆلۆ لوقمان ئەنجامەکەی بۆ ئاتاڵانتا کەمکردەوە، بەڵام دوای ئەوە هەوڵەکەنیان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە سەرکەوتوو نەبوو و ریال مەدرید بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و سێیەم بردنەوەی تۆمارکرد، ئاتاڵانتاش تووشی یەکەم دۆڕانبوو لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا.
ریال مەدرید بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 9 خاڵ و ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە، ئاتاڵانتا 11 خاڵی هەیە و دابەزی بۆ پلەی نۆیەم، کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم گەڕەی رکابەرییەکان ئەگەری هەیە ئەو پلەیەش لەدەستبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ