بەفەرمانی هاوژینەکەی، بۆکسێن لە مایک تایسن قەدەخەکرا

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مایک تایسن بۆکسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمیر تایسن، یەکێک لە کوڕەکانی مایک تایسن، بۆکسێنەری بەناوبانگی ئەمریکی، ئاشکرایکردووە، هاوژینی باوکی، فەرمانی بە تایسن کردووە ئیدی لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە بۆکسێن بکات.
 
تایسنی بۆکسێنەری وازهێناوی بەناوبانگی ئەمریکی کە ئێستا تەمەنی 58 ساڵە، لە ماوەی رابردوودا یارییەکی بەرامبەر جەیک پاولی بۆکسێنەر کرد کە 30 ساڵ لە خۆی بچووکترە، یارییەکە هەرا و کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات، چونکە تایسن رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە بەهۆی جیاوازیی تەمەنی لەگەڵ پاول.
 
کاردانەوەکانی دوایین یاریی تایسن، کاریگەریی لەسەر هاوژین و منداڵەکانیشی دروستکردووە و کوڕێکی ئەو بۆکسێنەرە ئاشکرایکردووە، هاوژینەکەی بڕیاریداوە چیدی رێگە بەتایسن نەدات، بۆکسێن بکات.
 
تایسن پێشتر وازهێنانی یەکجاری لە بۆکسێن راگەیاندبوو، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی جەیک پاوڵ گەڕایەوە نێو پانکی بۆکسێن و ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی یاریی دیکەش.
 
ئەمیری کوڕی تایسن، ئاشکرایکردووە، هاوژینی سێیەمی تایسن، بڕیاریداوە چیدی ئەو بۆکسێنەرە نەگەڕێتەوە سەر پانکی یارییەکانی بۆکسێن و ئەو کارەی لێ قەدەخەکردووە.
 
ئەمیر دەڵێ، "پێموایە کاروانی باوکم لە بۆکسێندا کۆتایی هات، هاوژینەکەی فەرمانی پێکردووە کە چیدیکە بۆی نییە یاریی بکاتەوە".
 
تایسن سێجار ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، لە هاوژینەکانی یەکەم و دووەمی جیابووەتەوە و ئێستا لەگەڵ سێیەمیاندا دەژی کە ناوی لکییا سپایسەرە.
 
تایسن لەو سێ هاوژینەی هەیبووە خاوەنی شەش منداڵە. ئەمیر کە ناسراوترین منداڵی ئەو بۆکسێنەرەیە دەڵێ، پێشتر چەند جارێک داوامان لە باوکم کرد واز لە بۆکسێن بهێنێت و چیدی نەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن، بەڵام ئەو خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و ئەوە دەکات کە خۆی بەڕاستی دەزانێت. بەڵام دیارە ئێستا ئیدی بەفەرمانی هاوژینەکەی بڕیاریداوە چیدیکە یاریی نەکات.
 
ئەمیر دەڵێ، "قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ باوکم، لەلایەن ئێمەوە کات بەفیڕۆدانە، چونکە ئەو کاتێک باسی ئەو بابەتەم لەگەڵدا کرد، گوتی بێدەنگبە خۆ تۆ باوکی من نیت".
 
تایسن لە دوایین یارییدا لەگەڵ جەیک پاوڵ، ئەگەرچی یارییەکەی دۆڕاند، بەڵام بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی بەشداریکردن لە یارییەکەدا وەرگرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە