رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیارێکی ئاگرینی دا و یەکەم فەرمانی دەرکردنی بۆ یاریزانێکی دەرکرد، و نایەوێت جارێکی دیکە ئەو یاریزانە لە تیپەکەدا ببینێتەوە.
کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەفەرمانی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری، گڵۆپی سەوزی بۆ ئەستێرەی تیپەکە هەڵکرد بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت.
یانەی شاهانە دوێنێ لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا بووە میوانی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی، و 3-2 لێیبردەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانییان گواستەوە، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوودا رێگە بە رۆیشتنی خیسوس ڤاییخۆی بەرگریکاری بدات.
ئەو سەرچاوانە روونیان کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر داوای کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر دراوە، کە تاوەکو ئێستا پشتی بە ڤاییخۆ نەبەستووە، چونکە بەبۆچوونی راهێنەری ئیتاڵی، رائول ئاسێنسیۆ و ئۆرێلیان چوامینی بژاردەی باشترن لەو، ئەمە جگە لە گەڕانەوەی دەیڤد ئالابا لە پێکان.
ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانیانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر لە زستاندا کەس ڤاییخۆی نەوێت، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی یاریزانە تەمەن 27 ساڵەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، لەلایەن ریال مەدریدەوە رێگەی پێدەدرێت بڕوات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنچێلۆتی بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی لە خواستی خۆی بۆ رۆیشتنی ئەو یاریزانە ئاگادارکردووەتەوە کە بەدرێژایی وەرز و لە خراپترین دۆخیشدا هەرگیز پشت بەو یاریزانە نابەستێت، بۆیە هێشتنەوەی لە بەرژەوەندی کەس دا نییە.
یانەی رایۆ ڤالیکانۆی ئیسپانی، ئارەزووی گرێبەستکردن لەگەڵ ڤاییخۆی نیشان داوە و ئەگەر لە مانگی یەکدا رێککەوتنێک نەکرێت، پلانەکەیان ئەوە دەبێت کە پێشوەختە گرێبەستێک پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بگوازرێتەوە بۆ ریزەکانی ئەو یانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ