ئامار و داتا.. ئەو تیپ و یاریزانەی بە کەس راناگیرێن

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح لیڤەرپوول
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ دەردەکەوێت، بە ئاست و ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی هەمووانی سەرسامکردووە و رۆژ لە دوای رۆژیش پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
 
ئەستێرەی یەکەمی رێدز، محەممەد سەڵاحە، ئەو یاریزانەی ماوەی چەندین ساڵە بەدرێسی سووری یانە ئینگلیزییەکەوە بووەتە ترسێنەری گۆڵپارێزەکان و کەم یاریگە هەن سەردانی کردبێت و گۆڵی تێدا تۆمار نەکردبێت.
 
لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و شەشەم بردنەوەی لەسەریەکی لە چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە یانەی جیرۆنای بردەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی جیرۆنا لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو، لەنیوەی یەکەمدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا و بە ئەنجامێکی سپی هەردوو تیپ گەڕانەوە ژووری جلگۆڕین.
 
لە نیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ لیڤەرپوول هەژمارکرا، لە خولەکی 63 محەممەد سەڵاح سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی لیڤەرپوول تۆمارکرد.
 
ئەمە گۆڵی ژمارە 50ـی ئەستێرە میسرییەکە بوو لە چامپیۆنزلیگدا، هەروەها لەم وەرزەدا بەگشتی یاریزانەکە 22 یارییکردووە و بەشداریی لە 28 گۆڵدا کردووە.
 
فیرعەونە میسرییەکە لە چامپیۆنزلیگدا خاوەنی 2 گۆڵ و 4 ئاسیستە، لە پرێمەرلیگدا لە 14 یارییدا 13 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
 
لیڤەرپوول تاکە یانەیە هەر شەش یارییەکەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی بردبێتەوە و ئێستا بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ پێشەنگی ریزبەندە، 13 گۆڵی کردووە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە.
 
لیڤەرپوول زیاتر لە 540 خولەکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا یاری دەکات، کەس نەبووە لێی بباتەوە، تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە و ئەویش بەرامبەر یانەی ئەیسی میلان بوو، لەبەرامبەردا یانەکە لە 6 یاریی رابردووی چامپیۆنزلیگدا 13 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هەرچی تایبەتە بە ئینگلتەرا، یانەکە هاوشێوەی چامپیۆنزلیگ لە باشترین کاتەکانیدایە، لەگەڵ ئارنێ سڵۆت، تیپەکە هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات و لە خولەکەدا لە 14 یارییدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 11 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی هەبووە، دۆڕانەکەشی بەرامبەر یانەی نۆتینگهام بوو و ئێستا رێدز بە جیاوازیی 4 خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە کە یانەی چێڵسییە.
 
سەڵاح و لیڤەرپوول دووانەی مەترسیدار و لەیەک دانەبڕاون، ئەو ئاستە بەرزەی تیپەکە پێشکێشی دەکات، لەکاتێکدایە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، هەردوولا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە، بۆ ئەوەی گرێبەستی گۆڵکارە میسرییەکە بۆ دوو ساڵی دیکە لە ئانفێڵد نوێبکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە