سەرۆکی یانەیەک بەبەندکردن بۆ ماوەی سێ ساڵ سزادرا

11-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی تورکیا سەرۆکی یانە ناوبژیوان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ناوبژیوانەوە، سەرۆکی پێشووی یانەی ئەنقەرە گۆجۆی تورکی بەبەندکردن بۆ ماوەی سێ ساڵ، سزادرا.
 
رووداوەکە لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا روویدا، کاتێک سەرۆکی یانەکە هێرشیکردە سەر ناوبژیوانێکی خولی نێوخۆی تورکیا.
 
ئاژانسی دەنگوباسی تورکیا 'ئانادۆڵ' ئاشکرایکردووە، دادگا بڕیاری سێ ساڵ و حەوت مانگ بەندکردنی بەسەر فاروق کۆکای سەرۆکی یانەی ئەنقەرە گۆجۆ دەرکردووە، بەهۆی هێرشی جەستەییەوە بۆ سەر ناوبژیوان.
 
دادگاکە هەروەها بەندکردنی شەش مانگی بۆ هەمان سەرۆک یانە بڕیوەتەوە بەتۆمەتی هەڕەشەکردن و پێنج مانگی دیکەشی بەبەندکردن سزاداوە بەهۆی تۆمەتێکی دیکەوە کە ئاراستەی کراوە.
 
دادگاکە هەروەها سێ کەسی دیکەی بەجۆری جیاواز سزاداوە کە لە هەمان رووداوەوە گلاون.
 
سەرۆکی یانەی ئەنقەرە گۆجۆ، لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا، هێرشیکرد سەر ئۆموت میلەر و بەبۆکس لە دەموچاویدەا، پاشئەوەی یاریی یانەکەی بەرامبەر یانەی ریزاسپۆر کۆتاییهات.
 
لە رووداوەکەدا، چەندین کەسی دیکە لە هەمان یانە، کاتێک ناوبژیوانەکە کەوتە سەر زەوی، هێرشیانکردە سەری و لێیاندا، ئەمەش پاشئەوەی ناوبژیوان یاریی نێوان هەردوو یانەی درێژکردەوە و یانەی ریزاسپۆر، لە خولەکی حەوتی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
لە دوای رووداوەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیاری راگرتنی خولی بۆ ماوەیەک دەرکرد و هەروەها سزای کوکایدا بەراگرتنی لە کارکردن لە بواری وەرزش، بۆ هەتا هەتایە، بەرلەوەی ئەو سەرۆک یانەیە، دواتر بەفەرمی دەستلەکاربکێشێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە