لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بۆچوونی خۆی لەبارەی گۆڵە رەتکراوەکەی لیڤاوە ئاشکرا کرد

11-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا لیژنەی ناوبژیوانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو گۆڵەوە خستە روو کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە یاریی دوێنێ شەودا تۆماریکرد، بەڵام بەبیانووی ئۆفساید رەتکرایەوە.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال سۆسیێداد و بارسێلۆنا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە خولەکی 14 گۆڵی پێشکەوتنی بارسای تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان رەتیکردەوە بەهۆی ئۆفساید و لە کۆتاییشدا بارسا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند.
 
رەتکردنەوەی گۆڵەکەی لیڤا، کاردانەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن ئۆفساید نەبووە.
 
بەپێی گرتەی بڵاوکراوەی ناوبژیوانانی یارییەکە، پێی لیڤا زۆر کەم لە پێی بەرگریکەرەکەی سۆسیداد لەپێشترە لە گرتەی گۆڵەکەدا و بەوەش گۆڵەکە بەئۆفساید ئەژمارکرا.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی دەڵێ، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا قسەیان لەبارەی گۆڵەکەوە کردووە و دووپاتیانکردووەتەوە، بڕیاری ناوبژیوانی ڤار دروستبووە و گۆڵەکە ئۆفساید بووە.
 
لیژنەکە دووپاتیکردووەتەوە کە هیچ هەڵەیەک لە بڕیاری ناوبژیواندا نییە و ناوبژیوانانی ڤاریش هیچ تێکەڵبوونێک لە وێنەکان بەسەریاندا تێنەپەڕیوە لە نێوان ئاکوێردی بەرگریکەر و لیڤاندۆڤسکی هێرشبەر.
 
لیژنەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ناوبژیوانانی ڤار، بەگرتەکەدا چوونەتەوە بەبەکارهێنانی دە کامێرای جیاواز، بۆ وردبوونەوەی زیاتر لە گرتەکە و ئەوەشی خستووەتە روو کە تەکنەلۆژیای بەکارهێنراو بەوردی ئۆفساید دەخوێنێتەوە و سەرەپەنجەی یاریزانیش لە ئۆفسایددا دیارییدەکات.
 
بەپێی قسەی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، سیستمی کۆمپانیای 'هاوک ئای' کە لە لالیگا بەکاردەهێنرێت، بەشێوازی ئۆفسایدی نیمچە ئەلیکترۆنی کاردەکات و 29 خاڵ لە لەشی یاریزاندا بەراورد دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئۆفساید و ئەوکارە 50 جار لە چرکەیەکدا دووبارە دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی بڕیارەکانی.
 
بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەوە، وەک لیژنەکە دەڵی، کاتی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی بوونی ئۆفساید یان نەبوونی زۆر کورتکراوەتەوە و گەیشتووتە تەنیا 25 چرکە، بەڵام هەندێکجار لەو ماوەیە زیاتر دەخایەنێت.
 
پاش شکستەکەی ریال سۆسیێداد، بارسێلۆنا لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا مایەوە بەجیاوازیی شەش خاڵ لە ریال مەدریدی دووەم، لە کاتێکدا ئەو یانەیە یارییەک کەمتری ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە