جۆر و ماوەی پێکانی ناسان ئاکێ ئاشکرا دەکرێت

11-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی هۆڵەندا ناسان ئاکێ یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناسان ئاکێی بەرگریکەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا دووچاری پێکانبوو و پێشبینیدەکرێت بۆ چەند هەفتەیەک لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردە لە گەڕی دووەمی نەیشنسلیگدا بە دوو گۆڵ یەکسانبوون.
 
ناسان ئاکێ لە یارییەکەدا دووچاری پێکانێکی قورس بوو و لەسەر دەستەبەرە برایە دەرەوەی یاریگە، پاشئەوەی نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، بەهۆی ئازاری زۆری ماسوولکەوە.
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا وردەکاریی پێکرانی یاریزانەکەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان دەڵێن ئەو یاریزان دووچاری پێکانبووە لە ماسوولکەی پشتەوە رانی قاچی چەپیدا.
 
میدیاکان دەڵێن پێکانەکەی ئاکێ قورسبووە، چونکە نەیتوانیوە تەنانەت لەسەر قاچەکانی خۆی لە یاریگە بچێتە دەرەوە.
 
بڕیارە لە کاتێکی دواتری ئەمڕۆدا، ئاکێ پشکنینی رەنینی بۆ بکرێت تاوەکو جۆری پێکانەکە و ماوەی دوورکەوتنەوەکەی لە یاریگەکان دیاریی بکرێت.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە ئاکێ لانیکەم دوو هەفتە لە یاریگە دووردەکەوێتەوە بەهۆی ئەو پێکانەوە و ئەگەریش هەیە ئەگەر پێکانەکە قورس بێت، تاوەکو دە هەفتە لە یارییکردن بێبەش ببێت.
 
پێشبینیکراوە ئاکێ لە دوو یاریی داهاتووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیدا بەشداری نەکات، کە تێیدا پاڵەوانی ئینگلتەرا بەرامبەر هەریەکە لە برێنتفۆرد و ئارسیناڵ یاریی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە