ریال مەدرید گەڕایەوە و ئەنچێلۆتی گەشبینە

11-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوای کۆتاییهاتنی هەفتەی فیفا، دەست بە مەشق و ئامادەکارییەکانی دەکاتەوە و یانەکە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیداد ئامادەدەکات.
 
کاژێر 12:00 مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی داهاتوو دەستپێکردەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی متمانەی بەوە هەیە کە دەتوانێت لەو یارییەدا پشت بە تواناکانی جود بێلینگهام، ئێدێر مێلیتاو، فێلان مێندی و خیسوس ڤایێخۆ ببەستێت، بەڵام هێشتا بۆ چوامینی هیچ شتێک روون نییە.
 
جگە لەوەش کارلۆ بیر لەوە دەکاتەوە، بۆ یارییەکە پشوو بە دانی کارڤاخال بدات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە رووی جەستەییەوە بەباشی ئامادەبێت، پلانی راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئەوەیە لەم وەرزەدا بەپێی پێویست پشوو بە یاریزانەکە بدات، لەکاتێکدا 72 کاژێر جارێک یارییەکیان دەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە ریال مەدرید کار دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی کارڤاخال، ئێستا بڕیاری مانەوە یان رۆیشتن لە دەستی یاریزانەکەدایە، لەکاتێکدا هەمووان لە ریال مەدرید دەیانەوێت ئەو یاریزانە بمێنێتەوە.
 
گرێبەستی کارڤاخال لە هاوینی داهاتوو کۆتاییدێت، ریال مەدرید هەمان سیاسەتی پێشووی لەگەڵ ئەو یاریزانە پەیرەو دەکات کە بۆ یاریزانەکانی دیکەی سەرووی 30 ساڵ هەیبووە و ساڵێک گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.
 
رۆژی شەممەی داهاتوو لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یاری دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە