پۆچێتینیۆ بووە راهێنەری ئەمریکا

11-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەمریکا ماوریسیۆ پۆچێتینۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا، دەستنیشانکردنی ماوریسیۆ پۆچێتینیۆی بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکا راگەیاند.
 
فیدراسیۆنە ئەمریکییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە کە پۆچێتینیۆ تاوەکو دوای مۆندیالی 2026 سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەمریکا لە ئەستۆ دەگرێت.
 
مۆندیالی 2026 لەلایەن هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەداوە میوانداری دەکرێت.
 
بڕیارە پۆچێتینیۆ ئەم هەفتەیە بەگەشتێک بگاتە ئەمریکا و لەوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئەمریکا بەمیدیاکان بناسێنرێت لە نیویۆرک و پاشان بەرپرسیارێتی هەڵبژاردەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
 
پۆچێتینیۆی ئەرجەنتینی وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی بوو و پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا پاش کۆکردنەوەی 66 خاڵ.
 
پۆچێتینیۆ کە پێشتر راهێنەری ئیسپانیۆلی ئیسپانی، تۆتێنهام هۆتسپێر و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بووە، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا لە مەشقدانی یانەی چێڵسی دوورخرایەوە.
 
پۆچێنتینۆ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری فەرمیی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەڵێ، "بڕیاری مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەمریکا بەلای منەوە تەنیا پەیوەندی بەتۆپی پێوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بەرێگەیەکەیەوە کە هەیە کە ئەم وڵاتە و هەڵبژاردەکەی گرتوویەتییە بەر".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەتوانی ببینی کە لێرە وزە، جۆشوخرۆش و برسێتی بەدەستهێنانی شتێکی مێژووییەوە هەیە، ئەمە ئەو شتانەن کە پاڵنەری من بوون بۆ کارکردن لێرە".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەی ئەمریکاوە دەڵێ، "کۆمەڵێک یاریزان دەبینم کە بەهرە و توانایان هەیە و پێکەوە کارێکی ناوازە دەکەین کە نەتەوەکە هەمووی شانازیی پێوە بکات".
 
پۆچێتینیۆ کاروانێکی درێژی لەگەڵ تۆتێنهام هۆتسپێری ئینگلیزی هەبوو و لەگەڵ ئەو یانەیە گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نەیتوانی نازناوەکە بەدەست بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە