خوان لاپۆرتا: سەرکەوتنی مێسی سەرکەوتنی ئێمەیە

11-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مێسی لاپۆرتا خوان لاپۆرتا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی پێشووی یانەکەی دەڵێت "سەرکەوتنی مێسی سەرکەوتنی ئێمەیە".
 
لاپۆرتا لەکاتی بەشداریکردنی لە رێورەسمی رۆژی نیشتمانی هەرێمی کەتەلۆنیادا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا لەبارەی ئەو پۆستەی تویتەری بارسێلۆنا لەبارەی لیۆنێل مێسی، لە دوای بردنەوەیان لە بۆلیڤیا بڵاویکردبووە گوتی "بۆ هەتا هەتا سوپاسی ئەو دەکەین، سەرکەوتنە تاکەکەسییەکانی مێسی سەرکەوتنی ئێمەیە، بارسێلۆنا بەمە دڵخۆشە، بۆیەش ئەو وێنەیەی بڵاوکردووەتەوە."
 
یانەی بارسێلۆنا لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر لەدوای بردنەوەی ئەرجەنتین لە بۆلیڤیا و تۆمارکردنی هاتریک لەلایەن مێسییەوە پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "باشترین گۆڵکاری وڵاتانی ئەمریکای باشوور، بێ وێنەی لیۆ."
 
لاپۆرتا لەبارەی دواخستنی یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی سێڤییا گوتی "ئەمە شتێکی زۆرباشبوو بۆ ئێمە، رێز لە بڕیاری دواخستنی یارییەکە دەگرین و ئێستا چاوەڕێی دیارییکردنی وادەیەکی نوێ دەکەین، ئێمە رێز لەو رێکارانە دەگرین کە دەگیرێنەبەر."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ کۆمان زۆر بەپەرۆشەوە کاردەکات، چونکە دەزانێت تیپەکە زۆر رێزی دەگیرێت و هەموو تیپەکەش لەسەر یەک ئاراستە دەڕوات."
 
بڕیاربوو ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی لالیگادا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سێڤییا یاریی بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانی هەردوو یانە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان بەشدارییان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا کرد و درەنگ پەیوەندییان بە یانەکانیانەوە کردەوە، یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە