رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، کۆتایی بە ساڵانێکی درێژخایەن لە چاوەڕوانی هێنا و نازناوی چامپیۆنزلیگ بردەوە.
یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئۆڵۆمپی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ئەنجامدا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
نیوەی یەکەمی یارییەکە تا راددەیەک هاوسەنگ بوو، ئەگەرچی سیتی بە هێرشبردن و ئینتەرمیلان بە بەرگری دەستییان پێکرد، بەڵام دواتر یانە ئیتاڵییەکە هاتە نێو کەشی یارییەکە و هەردوولا چەندجارێک هەڕەشەیان لە گۆڵی یەکدی کرد، بەڵام نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا جارێکی دیکە ئیتاڵییەکان بوێر دەرکەوتن و توانیان رووبەڕووی ئینگلیزەکان ببنەوە، چەندجارێک هێڕشی مەترسیدارەیان گۆڕییەوە، تاوەکو لە خولەکی 68
رۆدری بە لێدانێکی بەهێز تۆڕی ئۆنانای گۆڵپارێزیی کامیرۆنیی یانەی ئینتەرمیلانی هەژاند.
دوای ئەو گۆڵە کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی خۆیان بەدەستەوە نەدا و چەندجارێک زۆر نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون، بەڵام بەخت یاوەری دیمارکۆ و لوکاکو نەبوو.
مارچینیاکی ناوبژیوانی یارییەکە، کە زۆر سەرکەوتوو بوو لە بەڕێوەبردنی یارییەکە، فیکەی کۆتایی لێدا و نازناوەکە بووە بەشی پێپ گواردیۆلا و تیپەکەی، کە ئەمساڵ هەرسێ نازناوەکەی بردەوە، خول و جامی ئینگلتەرا و چامپیۆنزلیگ، کە دووەم یانەی ئینگلتەرایە لە مێژوودا لە دوای مانچێستەر یونایتدی هاوشاری ئەم دەستکەوتەی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ