رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی جامی ئاسیای 2023 لە قەتەر راکێشرا و هەڵبژاردەی عێراق کەوتە کۆمەڵەی ژاپۆن، راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "هەموو هەڵبژاردەکانی پاڵەوانێتییەکە بەهێزن."
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، جیانی ئینفانتینۆ و نوێنەری سەرجەم هەڵبژاردە بەشدارەکان تیروپشکی جامی ئاسیا راکێشرا، کە بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو یارییەکانی لە قەتەر بەڕێوەبچن.
لە تیروپشکەکەدا، هەڵبژاردەی عێراق کەوتە کۆمەڵەی چوارەم و بەرامبەر هەریەکە لە ئەندەنووسیا، ژاپۆن و ڤێتنام یارییدەکات.
دوای راکێشانی تیروپشکەکە خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی و هەڵبژاردەی عێراق گوتی "سەرجەم هەڵبژاردەکانی جامی ئاسیا بەهێزن، لەراستیدا ژاپۆن دەبێتە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی چوارەم."
راهێنەری عێراق زیاتر قسەیکرد و گوتی "خەونی عێراق درێژخایەنە و دەیەوێت بگاتە مۆندیال، لە هەمان کاتیشدا خەون بەبردنەوەی نازناوی جامی ئاسیاوە دەبینێت، نەوەی 2007 زۆر بەهێزبوون، بەڵام هیوادارم تیپی ئێستاش تاوەکو کۆتایی رکابەری بکات.
کاساس دەڵێت "پشت بە چەند یاریزانێکی لاوی هەڵبژاردەی لاوان دەبەستین کە لە داهاتوودا دەتوانن زۆر هاوکاریمان بکەن، هیوای ئەنجامێکی باشیان بۆ دەخوازم لە مۆندیالدا لە ئەرجەنتین."
هەڵبژاردەی قەتەر پاڵەوانی دوایین وەشانی جامی ئاسیایە و میوانداری پاڵەوانێتییەکەیە، رۆژی 12-1-2024 یەکەم یاریی جامی ئاسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی لوبنان ئەنجامدەدات لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ