مافیۆ.. ئەو بەرگریکەرەی مێسی بەقورسترینی ناوبرد و ڤینیسیۆسی تووڕەکرد

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی سوپەری ئیتاڵیا یانەی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر یانەی ریال مایۆرکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی پێشووی نێوان ریال مەدرید و ریال مایۆرکا لە جامی سوپەری ئیسپانیا، جارێکی دیکە هەڵچوون و تووندوتیژی و پێکدادان لەنێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و پابلۆ مافیۆی بەرگریکەری مایۆرکادا سەریهەڵدایەوە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە ڤینی دەکەوێتە داوی مافیۆوە، بەڵکو لە ساڵانی رابردوودا، هەرچەندە ئەو دوو یانەیە رووبەڕووی یەکدی بووبنەوە، مافیۆ بەجۆرێک لە جۆرەکانی دەماری ڤینی گرتووە و دووچاری کێشەی کردووە.
 
لە یارییەکەی ئەمجارەی نێوان هەردوو یانە لە جامی سوپەری ئیسپانیا، مافیۆ لە چەندین شوێن و گرتەی جیاوازدا لە میانی یارییەکە، ئازاری بەڤینیسیۆس گەیاند و لە کۆتاییدا، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی ئەو بەرگریکەرەوە، ڤینی لەگەڵ یاریزانانی ریال مایۆرکا دووچاری دەمەقاڵەبوو پاش یارییەکە.
 
ڤینی یەکەم کەس نییە کە مافیۆ هەمان هەڵسوکەوتی بەرامبەر دەکات.
 
پێشتر، لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی پێشووی بارسێلۆنای ئیسپانی گوتبووی، "ئەگەرچی من یاریزانێک نیم زۆر گلەیی بکەم و دەزانم ئازاردانی جەستەیی بەشێکە لە تۆپی پێ، بەڵام مافیۆ قورسترین بەرگریکەرە لە ژیانمدا رووبەڕووی بوومەتەوە".
 
قسەکانی ئەوکاتی مێسی لەدوای یارییەکی نێوان بارسێلۆنا و ریال مایۆرکا بوو لە ساڵی 2017، کەبەسەرکەوتنی بارسێلۆنا بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
 
مافیۆی لاو، ئەوکات وایدانا قسەکانی لیۆ، گەورەترین بڕوانامەی دانپێدانانە لە ژیاندا وەری گرتبێت، چونکە وەک ئەو گوتی، قسەکانی باشترین یاریزانی مێژوو، وەک بردنەوەی نازناوێک وایە.
 
لەو یارییەدا کە مافیۆ بەرامبەر مێسی وەستایەوە، لیۆ نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات و رێگری و کردەوەکانی ئەو بەرگریکەرە، دەریخست چۆن دەتوانێت ئازاری رکابەرەکانی بدات.
 
زنجیرەی دەمەقاڵەکانی نێوان ڤینی و مافیۆ بۆ ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، ئەوکات لە مانگی دوودا، ریال مایۆرکا لە یاریگەی خۆیدا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر ریال مەدریددا بەدەستهێنا. ئەگەرچی لە یارییەکەدا ڤینی رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانە بووەوە و بەهۆیەوە هاندەرێکی مایۆرکا دواتر خرایە زیندانەوە.
 
کۆتایی یارییەکەی ئەوکات، بەجووڵەیەکی مافیۆ بوو کە ئاماژەی بۆ ڤینی کرد و گوتی، گرینۆکیت.
 
لە دوای ئەو یارییەوە، هەردوو یاریزانەکە لەهەر یارییەکدا رووبەڕووی یەکببنەوە، دەکەونە نێو ململانێ و کێشەی زۆر و دەمەقاڵەوە.
 
ئەوەی مافیۆ بەرامبەر رکابەرەکانی دەیکات، لای هاندەران لەبیر ناچێتەوە، لە یاریی مایۆرکا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، لە کۆتایی جامی شای ئیسپانیای وەرزی رابردوو، هاندەران هێرشیان کردەوە سەری و بەگرینۆک ناویان برد، پاشئەوەی وێنەی ئەو بڵابووەوە کە دوای یارییەکە دەدۆڕێت.
 
مافیۆ وەک خۆی دواتر ئاشکرایکرد، رووبەڕووی سووکایەتی زۆر بووەتەوە و هەڕەشە لەسەر ژیانی منداڵەکانی دروست بووە، هەربۆیە ناچاربووە سەرجەم ئەکاونتەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا دابخات.
 
مافیۆ پێشتر بەرلە رووبەڕووبوونەوەی ئەمجارەی نێوان یانەکەی و ریال مەدرید، لە لێدوانێکدا گوتبوی ئەگەر لە پانکی بۆکسێندا رووبەڕووی ڤینی ببمەوە، بە 10 چرکە و بەلێدانی کوشندە لە زەوی دەدەم.
 
ئەو لێدوانە لە یارییەکەی ئەمجارەی ریال مەدرید، بەپێچەوانەوە کەوتەوە، چونکە نەک تەنیا ڤینیسیۆس، بەڵکو یاریزانانی دیکەی ریال مەدرید، لەسەرووی هەموویانەوە جود بێلینگهام و رائول ئەسێنسیۆ رووبەڕووی بوونەوە و چەندینجار دەمەقاڵەیان لەگەڵیدا کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە