لێدوانەکانی ترەمپ هەڕەشەی لەسەر مۆندیالی داهاتوو دروستکردووە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 دۆناڵد ترەمپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێدوانەکانی ماوەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، مشتومڕی گەورەی لە یەکێک لە وڵاتانی میوانداریکەری مۆندیالی 2026 دروستکردووە و بەهەڕەشە بۆ سەر پاڵەوانێتییەکە دادەنرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، 78 ساڵ، لە دوای هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک باسی لەپێوەلکاندنی کەنەدا بە ئەمریکاوە کردووە و وێنەی نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، کە کەنەدا وەک بەشێک لە ئەمریکا پێشاندەدات.
 
هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەهاوبەشی میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکەن.
 
میدیای کەنەدا ئاشکرایانکردووە، لێدوانە بەردەوامەکانی ترەمپ لەبارەی کردنی کەنەدا بەبەشێک لە ئەمریکا و دووبارەکردنەوەی ئەو لێدوانانە، ترس و نیگەرانیی لای بەرپرسانی کەنەدا دروستکردووە و هەندێک بەرپرسی ئەو وڵاتە، داوایانکردووە کەنەدا لە دۆسێی میوانداریکردنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا و مەکسیک بۆ مۆندیالی داهاتوو، بکشێتەوە.
 
مۆندیالی داهاتوو، فراوانترین دەبێت لەرووی بەشداریی هەڵبژاردەکانەوە، چونکە یەکەمجارە کۆی 48 هەڵبژاردە بەشداریی لە کۆتاییەکانی مۆندیالدا دەکەن.
 
لێدوانەکانی ترەمپ و ترسی بەرپرسە کەنەدییەکان، وایکردووە بەرپرسانی فیفا دڵنیایی بدەنە کەنەدییەکان لەبارەی رووداوەکەوە.
 
رادیۆی 'ئاڕ ئێم سی سپۆرت'ی فەرەنسی لەزاری بەرپرسێکی فیفاوە کە ناوی نەهێناوە دەڵێ، "قسەکانی ترەمپ نمایشکارانەیە و پێویست بەترس ناکات، ئەو تەنیا کاردەکات بۆ دەمارگرتنی بەرامبەرەکانی، جیهان دەمێکە گوێی لەو جۆرە قسانە دەبێت".
 
ئەو بەرپرسە باسی ئەوەیکردووە کە ترەمپ تەگەرە ناخاتە بەردەمی کارەکانی فیفا، کە دەیەوێت مۆندیالەکە بەهاوبەشی لە نێوان هەرسێ وڵاتەکەدا رێکبخرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێ، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، یەکەم بەرپرسی وەرزشی بوو، پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی لە ترەمپ بەسەرۆکی ئەمریکا کرد.
 
بەرپرسەکە دەڵێ، ئەمریکا و فیفا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و ئاڵنگاریی گەورەیان لەبەردەمە لە مۆندیالی داهاتوودا، بۆیە دەبێ کارەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.
 
بەپێی قسەی بەرپرسێکی دیکەی فیفا بۆ هەمان سەرچاوە، فیفا دەزانێت کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەمریکا سەنتەری تۆپی پێی جیهان دەبێت، بەهۆی میوانداریکردنی مۆندیالی هەڵبژاردەکان و مۆندیالی یانەکان، هەرلەبەرئەوە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە باشترین دۆخدا بهێڵێتەوە.
 
دۆناڵدۆ ترەمپ، لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کەمپەینەکانی خۆیدا بۆ گەیشتنەوە بە کۆشکی سپی، کاری لەسەر دۆسێی مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا کرد و پێشتر ویستی زۆری بۆ بردنەوەی مافی میوانداریکردنەکە لەلایەن وڵاتەکەیەوە پێشاندابوو.
 
بەرپرسانی فیفا، وەک ئەوەی رادیۆ فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە، ترسیان لە دۆخی هاندەرانیش هەیە لە مۆندیالی داهاتوودا، چونکە پێشبینیکراوە ژمارەیەکی زۆری هاندەر روو لە هەرسێ وڵات بکەن لە کاتی مۆندیالەکەدا و فیفا سوورە لەسەر دابینکردنی باشترین دۆخ بۆیان.
 
بەرپرسەکانی فیفا، ئاماژە بە لێدوانەکانی ترەمپ لە ماوەی رابردوودا دەدەن لەبارەی مامەڵەکردنی وڵاتەکەی لەگەڵ پەنابەران و ئەوەش لای بەرپرسانی فیفا، مایەی ترسە.
 
ترەمپ بڕیاریداوە لەپاش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بەرلە کۆتایی ئەم مانگە، بەتووندی لە دژی چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی بجەنگێت. بەرپرسانی فیفا دەترسن ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی ئەمریکا دەیانگرێتە بەر، کێشە بۆ چوونی هاندەران بۆ ئەمریکا، لەپێناو بینینی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو، دروست بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە