ئەو رۆژەی مێسی بە ریال مەدریدی گوت نەخێر نەخێر

10-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هۆراسیۆ جاجیۆلی، یەکەم بەڕێوەبەری کاری لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینە، ئەو بەخاوەنی پلانی چوونی مێسی بۆ بارسێلۆنا دادەنرێت و هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی مێسی کاروانێکی بێوێنە لە تۆپی پێدا لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێبکات.
 
جاجیۆلی، ئەو کەسەبوو کە یەکەم رێکەوتنی نێوان مێسی و بارسێلۆنای لەسەر پارچەیەک کلینێکس واژۆکرد.
 
هۆراسیۆ دواتر بووەتە بەڕێوەبەری کاری زۆر یاریزانی دیکە، لە نێویاندا ئیلیاس ئاخۆماش، ئەو ئاشکرایکردووە رۆژێک لە رۆژان یانەی ریال مەدرید دەیویست گرێبەست لەگەڵ مێسیدا بکات، بەڵام ئەو مانەوە لە بارسێلۆنای بەلاوە باشتر بوو.
 
بەڕێوەبەرەکە دەڵێ، تەنانەت ئارسیناڵیش هەمان ویستی هەبوو. ئەوەشی روونکردووەتەوە کە هیچکات رووینەداوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا داوای ئەو پارچە کلینێکسەی کردبێت کە یەکەم گرێبەستی مێسی لەسەر واژۆ کراوە.
 
لەگەڵ مێسیدا
 
هۆراسیۆ ئاشکرایکردووە، کاتێک مێسی تەمەنی 13 ساڵان بوو، بەهرەیەکی گەورەی پێوەدیار بوو، بەڵام باڵای گەشەی نەدەکرد، ئەوەش ناڕەحەتییەکی زۆری لە خێزانەکەدا دروستکردبوو.
 
دایک و باوکی مێسی، پەیوەندییان بە هۆراسیۆوە کرد، تاوەکو بەدوای تیپێکی ئەوروپیدا بگەڕێت بۆ کوڕەکەیان، لە کاتێکدا ئەو بەنیازبوو رووبکاتە مەدرید تاوەکو لەوێ کاربکات و ئەو یاریزانەش پێشکێشی ئەو دوو یانەیە بکات، بەڵام ئەو ئاراستەی کارەکەی گۆڕی و روویکردە بارسێلۆنا و ئەو منداڵە پەرجووەی پێشکێشی یانە کەتەلۆنییەکە کرد و پێی ناساندن.
 
پاش چاوپێکەوتنی نێوان خێزانەکەی مێسی و بەرپرسانی بارسێلۆنا، کەسوکاری مێسی گەڕانەوە ئەرجەنتین و چاوەڕێی وەڵامی یانەکە بوون، بەڵام لە رۆژی 14ی مانگی دوانزەی ساڵی 2000دا، هەموو شتێک ئاراستەیەکی پێچەوانەی وەرگرت.
 
گفتوگۆی پاش تێنسەکە
 
ئەو رۆژەی لەسەرەوە باسکرا، جاجیۆلی، یارییەکی تێنسی لەگەڵ کارلیس ریکساش، سکرتێری هونەریی یانەی بارسێلۆنادا ئەنجامدا، لەپاش یارییەکە ئەو دووانە لەگەڵ جۆسیپ مینگۆلای بەڕێوەبەری کاری یاریزانانیشیان هاتە پاڵ و لە چێشتخانەیەکی بارسێلۆنا کۆبوونەوە بۆ نانخواردن و گفتوگۆ.
 
جاجیۆلی هەلی کۆبوونەوەکەی قۆستەوە و کەوتە باسکردنی توانا و بەهرەکانی مێسی بۆ دوو پیاوەکەی دیکە، ئەو دەیویست زوو وەڵامێکی روون و ئاشکرا لەبارەی چارەنووسی منداڵە نەخۆشەکەوە بەدەست بهێنێت، بەتایبەت کە دایک و باوکی تێچووی چارەسەرکردنی ئەویان پێنەبوو و دەیانویست هەرچۆنێک بووە، یانەیەک بێت و تێچووەکە لە ئەستۆ بگرێت.
 
جاجیۆلی کاتێک بینی دوو پیاوەکەی بەرامبەر ویستی گەورەیان بۆ بەدەنگەوەهاتنی دەستەوارەکەی ئەو نییە، پێیگوتن کە ئەو ناتوانێ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکات و ئەگەر ئەوان نەیەنە سەرهێڵ، ئەو مێسی دەباتە یانەیەکی دیکە.
 
ریسکاش ئەمجارەیان قسەکانی جاجیۆنی وردتر وەرگرت و دەستبەجێ پارچەیەک دەستەسڕی لەسەر مێزەکەی بەردەمی راکێشا و نووسی کە بارسێلۆنا گرێبەست لەگەڵ مێسی دەکات و پابەندە بەگەشەپێدانی ئەو یاریزانە و لە ئەستۆگرتنی چارەسەرکردنی.
 
دوای چەند رۆژێکی کەم لەو رووداوە، بارسێلۆنا یەکەم گرێبەستی فەرمی لەگەڵ مێسی کرد و ساڵانی دواتر، جاجیۆلی پارچە دەستەسڕەکەی بەپارەیەکی زۆر لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشتەوە.
 
جاجیۆلی چی دەڵێت؟
 
ئەو یەکەمین بەڕێوەبەری کارەی مێسی، لەبارەی نووسراوی سەر کلینێکسەکەوە دەڵێ، "ئەوە گرێبەستی فەرمی نەبوو، بەڵام پابەندییەک بوو لەلایەن بارسێلۆناوە بەگرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە و ئەو پارچە کلینێکسە بووە هۆکاری گۆڕینی ئاراستەی مێژووی بارسێلۆنا و مێسیش".
 
جاجیۆلی رەتیدەکاتەوە ئەو نرخە ئاشکرابکات کە پارچە کلێنکسەکەی پێفرۆشتووەتەوە، کاتێک پێی دەڵێن راستە ملیۆنێک دۆلار بوو؟ ئەو دەڵێ ناتوانم نرخەکە بڵێم، بەڵام پارەیەکی زۆر بوو.
 
سەردەمانێک کە مێسی بووە سیمبولی سەرکەوتنەکانی بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا گوتی، ئەو کەسەی پارچە کلینێکسەکە دەکڕێتەوە دەبێ بیداتە مۆزەخانەی بارسێلۆنا، بەڵام جاجیۆلی دەڵێ، ئەوە راست نەبوو، چونکە هیچکات لاپۆرتا داوای ئەوەی نەکرد.
 
لەبارەی نزیکیی مێسی لە ریال مەدرید کاتێک لاو بوو، ئەو دەڵێ، ریال مەدرید کاتێک بایەخی بەمێسیدا، کە ئەو تەمەنی 16 بۆ 17 ساڵان بوو، بەڵام ئەو رەتیکردەوە لە بارسێلۆنا بڕوات.
 
جاجیۆلی ساتەکانی ماڵئاوایی مێسی لە بارسێلۆنا و رۆیشتنی لەو یانەیە و گریانەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بەزۆر قورس ناودەبات، دەڵێ، "ساتێکی زۆر ناخۆش و قورس بوو، چونکە ئەو هەرگیز نەیدەویست لە بارسێلۆنا بڕوات، بەڵام سات و دۆخێکی قورس هاتە پێشەوە و ناچاربوو بڕوات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە