ڤیدیۆ؛ عێراق بە بەهێزترین ئامارەوە یارییەکی مێژوویی لەگەڵ کوێت دەکات

10-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم گەڕی رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە کیشوەری ئاسیا، دێربیی عەرەب لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی کوێت و عێراق بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمشەو لە یاریگەی جابر، هەڵبژاردەی کوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداری هەڵبژاردەی عێراق دەکات، هەڵبژاردەکە دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لەگەڵ ئوردن یەکسانبوو.
 
هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ ئەوەی خولی تۆپی پێی وڵاتەکە دەستی پێنەکردووە، بەڵام ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ ئەم قۆناخەی پاڵاوتنەکان دەکات و دوای بردنەوەی یاریی یەکەمیان لە عومان چاوی لە بردنەوەی دووەم یاریی لەسەریەکە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەیمەن حوسێن، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، خیسوس کاساس دەڵێت "یاریزانی پێویستیمان هەیە بۆ ئەوەی شوێنی ئەیمەن پڕبکەنەوە، لەوانەش عەلی حەمادی و موهەنەد عەلی."
 
خیسوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە لە رووی جەستەییەوە کێشەمان هەیە، بەهۆی ئەوەی خولی عێراق دەستیپێنەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەکاری باشمان کردووە."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق گوتی "ئامانجی ئێمە گەیشتنە بە مۆندیال، بەڵام گەیشتن بەو ئامانجە ئاسان نییە."
 
ئەم یارییە بەر لەوەی بەڕێوەبچێت قسەی زۆری لەبارەوە کراوە، بەتایبەت لە پرسی ئامادەبوونی هاندەران، کە سەرەتا کوێت رازی نەبوو ژمارەیەکی زۆری هاندەری عێراقی بچنە ئەو وڵاتە، بەڵام دوای ئەوە عێراق ناڕەزایەتییەکەی گەیاندە فیفا و ئەمشەو رێژەی 8٪ـی هاندەران بۆ هەڵبژاردەکە دەبن.
 
دوایینجار هەڵبژاردەی عێراق، سەرکەوتنی بەرامبەر کوێت بەدەستهێنابێت لە دەرەوەی یارییە دۆستانەکان، لە جامی کەنداوی 21 بوو لە 2013، لەو یارییەدا یونس مەحموود گۆڵی بردنەوەی بۆ عێراق تۆمارکرد.
 
لە دوایین پێنج یارییدا هەڵبژاردەی کوێت تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، لە دوو یارییدا دۆڕاوە و لە دوو یارییدا یەکسانبووە.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین 5 یارییدا، هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە.
 
ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و کوێت لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا رووبەڕووی یەکببنەوە، دوایین یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە یارییەکی دۆستانە بوو لە ساڵی 2022 لە بەسرە و عێراق یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
 
خیسوس کاساس، لە 18 یاریی فەرمیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن بووە و لە یارییەکیشدا یەکسانبووە کە بەرامبەر عومان بوو لە جامی کەنداوی 25 لە بەسرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە