رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یارییەکەی نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆردا لە شاری بورسای تورکیا روویدا، بورساسپۆری سزا دا کە 9 یاری داهاتووی بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی دەکات، ئامەدسپۆریش دەڵێت، "ئەمە سزا نییە، پاداشتە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی پێنجشەممە نۆی ئاداری 2023 لەلایەن دەستەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڵاوکراوەتەوە: بەهۆی ئەو چەپڵە ناشرین و ناخۆشانەی هاندەرانی بورساسپۆر و رووداوەکانی یارییەکەی نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە رۆژی 05.03.2023 لە یاریگا روویدا، بورساسپۆر بە ئەنجامدانی 9 یاری بەبێ ئامادەبوونی هاندەران و پێبژاردنی 326 هەزار لیرە سزادراوە.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، ئامەدسپۆر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رەخنەی لە دەستەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و رایگەیاند: "ئەمە سزا نییە، پاداشتە."
یانەی ئامەدسپۆر کە زۆرینەی یاریزانەکانی کوردن، رۆژی شەممە 04-03-2023 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانەوە چوونە شاری بورسای تورکیا بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەی بورساسپۆر.
هەمان شەو دەیان هاندەری یانەی بورساسپۆر لەبەردەمی ئەو هۆتێلە کۆبوونەوە کە یاریزانانی ئامەدسپۆر تێیدا دەمانەوە، دروشمی رەگەزپەرستانەی "چهندە بهختهوهره ئهوه کەسەی دهڵێت من تورکم"یان گوتەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 05-03-2023، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، لە کاتی یارییەکەدا و دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش چەند جارێک لەلایەن یاریزان و لایەنگرانی بورساسپۆر و کارمەندانی پۆلیسەوە هێرش کرایەسەر یانەی ئامەدسپۆر.
هاندەرانی یانەی بورساسپۆر لەنێو یاریگە، پۆستەری مەحموود یڵدرم ناسراو بە "یەشیل" و "جەم ئەرسەڤەر" یان بەرزکردەوە کە ئەندامی ژیتەم "رێکخراوی هێزەکانی جەندەرمە و هەواڵگری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بوون کە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا تاوانی کوشتنی زۆریان لە باکووری کوردستان کرد.
هەر لە نێو یاریگە و لە کاتی یارییەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەدا وێنەی "تۆرۆسی سپی" بەرزکرایەوە؛ ئەو ئۆتۆمبێلەی ببووە سیمبولی ئەو تاوانانەی دەکران.
پارێزگای بورسا دوای ئاژاوەکانی نێو یاریگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان بورساسپۆر و ئامەدسپۆر رایگەیاند، نۆ کەس دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوە لە سێ بەرپرسی ئەمنی دەستیپێکردووە، بەڵام دواتر ئەو نۆ کەسە بەمەرجی دادی ئازادکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ