رەگەزپەرستی یاریی پاریس سانجێرمان و باشاکشەهیری دواخست

09-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان رەگەزپەرستی
A+ A-

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، بڕیاریدا یاری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و باشاکشەهیری تورکی بەهۆی رەگەزپەرستی دوابخات و ئەمشەو یارییەکە دووبارە دەکرێتەوە.

یارییەکە لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بوو، لە پاریس بەڕێوەدەچوو، یانە تورکییەکە لە خولەکی 16دا لە یارییەکە کشایەوە، بەهۆی ئەوەی ناوبژیوانی چوارەمی یارییەکە، کە رۆمانی بوو، بە پیێر وێبۆی یاریدەدەری راهێنەری باشاکشەهیری گوت "پیاوە رەشەکە".

یوفا لەگەڵ کارگێڕیی هەردوو یانە رێککەوتووە کە ئەمشەو یارییەکە لە خولەکی 16ـەوە دووبارە بکرێتەوە و ناوبژیوانە رۆمانییەکەش دووربخرێتەوە.

یوفا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند لێکۆلینەوەیەک لەبارەی رووداوی رەگەزپەرستییەکە دەکاتەوە و دووپاتیشیکردەوە کە هیچ بوار و دەرفەتێک نییە بۆ رەگەزپەرستی و جیاکاری لە نێو یاریگەکانی تۆپی پێدا.

ئەنجامی یارییەکە هیچ بە هیچ بوو، کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە لەسەر داوای ناوبژیوانی چوارەم کارتی سووری بە وێبۆی یاریدەدەری راهێنەری باشاکشەهیردا، ئەوکات دێمبابای یاریزانی یانە تورکییەکە داوای لە هاوڕێکانی کرد یاریگە جێبهێڵن.

ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر لە کەسایەتی و ئەستێرەکان سەرکۆنەی ئەو رووداوەیان کرد، لەسەرووشیانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، کە لە تویتێکدا سەرکۆنەی ئەو رووداوەی کرد و نووسیویەتی "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو وشە رەگەزپەرستانە دەکەم کە ئاراستەی ئەندامێکی دەستەی راهێنەرانی یانەکەمان کراون، دڵنیام یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رووداوە".

هەروەها نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی یانەی پاریس سانجێرمانیش پشتیوانی خۆی بۆ باشاکشەهیر نیشاندا و لە تویتێکدا نووسیویەتی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە". بەهەمان شێوە کیلیان ئێمباپێش سەرکۆنەی کرد.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە