رووداو هەولێر
خانمە وەرزشوانێکی رووسی، لە کاتی بەشداریکردنی لە پێشبڕکێیەکی وەرزشی لە شاری بارسێلۆنا لە ئیسپانیا بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستدا.
ئیلێنا سمیرنۆڤا، خانمە وەرزشکاری رووسی لە کاتی بەشداریکردنی لە پێشبڕکێی "پیاوی ئاسنین" لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا خنکا، کە ئەو پێشبڕکێیە بە "تریاتلۆن" ناسراوە و لە سێ یاری پێکدێت و لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان بەڕێوەدەچێت.
ئەم پێشبڕکێیە بە یەکێک لە سەختترین پێشبڕکێکانی وەرزشی دادەنرێت لە جیهاندا، بەو پێیەی لە 3 قۆناخ پێکدێت کە بەدوای یەکدا و بەبێ پچڕان بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بە مەلەکردن لە دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکات و مەوداکەی 3.86 کیلۆمەترە. پاشان پێشبڕکێی لێخوڕینی پایسکیل دەستپێدەکات و مەوداکەی 180.25 کیلۆمەترە، و دواجار ماراسۆنێک بە مەودای 42.195 کیلۆمەتر دەستپێدەکات.
ئەو خانمە مەلەوانە رووسییە دوای ئەوەی مەودای 3.86 کیلۆمەتر مەلەکردنی تەواوکردووە، خنکاوە، هەرچەندە زۆر ئاماژەی بۆ رێکخەرانی پێشبڕکێکە کردووە بۆ ئەوەی بەهانای بچن و لە ئاوەکە دەریبهێنن، بەڵام نەیانتوانیوە رزگاری بکەن.
فریاگوزاران وەرزشوانە رووسییە تەمەن 41 ساڵانەکەیان دەرهێناوە لە ئاو و دەستبەجێ فریاگوزاری سەرەتاییان بۆ کردووە، بەڵام دوایین هەناسەی لەنێو ئەمبولانسەکەدا لە رێگای بردن بۆ نەخۆشخانە هەڵمژیوە.
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و بارودۆخی مردنەکەی، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی جەستەیی دەکەن پێش ئەوەی تەرمەکەی بگوازنەوە بۆ رووسیا.
سمیرنۆڤا بۆ ماوەی نزیکەی 4 ساڵ بەشداری پێشبڕکێکانی "پیاوی ئاسنین"ـی کردووە، و خانمە وەرزشوانێکی بە ئەزموون بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ