نەیمار بەرامبەر بۆلیڤیا یاری دەکات؟ پزیشکەکەی وەڵامدەداتەوە

09-10-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆدریگۆ لاسمار، پزیشکی هەڵبژاردەی بەرازیل بەدووری دەزانێت نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی سامبا بتوانێت بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا یاری بکات.

بەرەبەیانی سبەینێ کاژێر 03:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی یەکەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی بەرازیل میوانداری هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دەکات، کە بەر لە سێ رۆژ نەیمار لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی بەرازیلدا هەستی بە ئازارکرد و مەشقەکانی جێهێشت.

رۆدریگۆ لاسمار، پزیشکی هەڵبژاردەی بەرازیل، لە کۆنگرەی رۆژناڤانی بەر لە یارییەکەدا باسی دۆخی پێکانەکەی نەیماری کرد و گوتی "ئەمڕۆ نەیمار هەندێک باشترە لە دوێنێ، بەڵام هێشتا 24 کاژێر تێنەپەڕیوە بەسەر دوایینجار کە هەستی بە ئازارکردووە".

ئەو پزیشکەی هەڵبژاردەی سامبا، هەروەها گوتی "دەبێ ئەوەمان لەبیربێت کە ئێمە بە فڕۆکە و پاس گەشت دەکەین، ئەوەش ئەرکی چارەسەرکردنی یاریزانان لەسەرمان زەحمەت دەکات".

ئەگەرچی لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا، تیتیی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل. گوتی "تا دواسات چاوەڕێ دەکەین نەیمار بگەڕێتەوە پێکهاتەکامان بۆ ئەو یارییە"، بەڵام لاسماری پزیشک کەمتر گەشبین بوو، کە لە قسەکانیدا دیاربوو، ئەگەری بەشداریکردنی نەیمار لە یاری بەرامبەر بۆلیڤیا زۆر کەمە.

لاسمار گوتی "نەیمار رۆژی پێنجشەممە نەیتوانی بەشداری لە مەشقەکاندا بکات، ئەو لە هۆتێل مایەوە و لەگەڵ یەکێک لە پزیشکانی تیمەکەمان مەشقی تایبەتی دەکرد. چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەین، ئینجا وەڵامی کۆتایی بە تیتیی راهێنەر دەدەین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە