رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تاڵیبان، قەدەخەکردنی یارییکردنی کریکیت و سەرجەم وەرزشەکانی دیکە لە خانمان و ژنانی ئەفغانستان رادەگەیێنێت و دەڵێت "یارییکردنی کاری ژنان نییە".
ئەحمەداللە واسق، جێگری سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیریی تاڵیبان دەڵێت "ئێستا سەردەم سەردەمی راگەیاندنە، وێنە و ڤیدیۆ دەبیندرێن، خەڵک دەیانبینێت، ئیسلام و میرنشینی ئیسلام رێگە نادەن، خانمان یاریی کریکیت بکەن، یانیش یارییەکانی دیکەی وەرزشی بکەن".
ئەو بەرپرسەی تاڵیبان زیاتر گوتی "یارییکردن کاری ژنان نییە، ئەوان پێویستیان بە وەرزش نییە، خەڵک دەیانبیێت، ناتوانن پابەندبن بە یاساکانی پۆشینی جلوبەرگ و ئیسلامیش رێگەیان پێنادات، تەنانەت ئەگەر رووبەڕووی زەحمەتی و کێشەش ببینەوە، ئێمە لە پێناو ئاینەکەمان تێکوشاین و جێبەجێکردنی بەهاکانی ئاینەکەمان لە پێشەوەی هەموو شتێکە، تەنانەت ئەگەر ئەوە نارەزایەتیشی لێ بکەوێتەوە، ئێمە یاساکانی ئیسلام جێبەجێدەکەین و وازیان لێ ناهێنین".
ئەم قسانەی ئەحمەداللە واسق لەکاتێکدایە، پێشتر حکومەتی تاڵیبان رایگەیاندبوو، رێگە بە هەڵبژاردەی پیاوانی وڵاتەکەیان دەدەن یاریی کریکیت و یارییەکانی دیکە بکەن و هەڵبژاردەکە رۆژانە مەشق و ئامادەکاری دەکات و رۆژانە مەشق و راهێنانەکانیان بەردەوامە بۆ یارییکردن بەرامبەر هەڵبژاردەی کریکیتی پاکستان، کە رۆژی 29ـی ئۆکتۆبەر کاژێر 16:00 رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکەش لە سریلانکا بەڕێوەدەچێت.
ئەفغانستان لە یاریی کریکیتدا یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهانە و خاوەنی هەڵبژاردەیەکی بەهێزە، چەندین نازناوی جیاوازی لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ