جامی ئەفریقا لەنێو مەترسی کۆرۆنا و هەڕەشەی یاخیبووەکاندا دەستپێدەکات

09-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جامی ئەفریقای 2021 کامیرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ لە کامیرۆن، جامی ئەفریقای 2021 دەستپێدەکات، کە لەبەر کۆرۆنا ماوەی 6 مانگ دواخرابوو، جاری یەکەمە 24 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن.
 
پاڵەوانێتییەکە ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، بە یاریی نێوان کامیرۆنی میواندار و بۆرکینا فاسۆ دەستپێدەکات و تاوەکو 6ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
لەم پاڵەوانێتییەدا 52 یاری ئەنجام دەدرێن، کە لەسەر 6 یاریگە بەڕێوەدەچن.
 
ئاڵنگارییەکی گەورەیە
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا و کامیرۆن سوورن لەسەر ئەوەی کە پاڵەوانێتییەکی سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانن بە باشی بەڕێوەی ببەن، بەڵام ئەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی ئێستا کامیرۆن پێیدا تێپەڕدەبێت.
 
ئەفریقییەکان بوێرانە بڕیاریاندا کە هەر دەبێت جامی ئەفریقا لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەوان رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری، رەخنە و بارودۆخە زەحمەتەکان بوونەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەفریقاش هاوشانی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور لەپێناو تۆپی پێدا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەموو زەحمەتی و مەترسییەکانی هەیە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەوری ئەم پاڵەوانێتییەیان داوە، کە ئەگەر نەبنە هۆکاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەیشی، کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر ئاست و شێوازی رێکخستنییەوەی دەبێت، کە کامیرۆن وەک وڵاتی میواندار دەڵێت، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی.
 
ئەم پاڵەوانێتییە، کە بە بەشداری چەندین ئەستێرەی جیهانی وەک محەممەد سەڵاح، سادیۆ مانێ، ریاز مەحرز و سبستیان هالێر و چەندینی دیکە ئەنجام دەدرێت، رێگەیەکی سەختی لەپێشە و بارودۆخەکان زیاتر ئاماژە بۆ شکستخواردنی پاڵەوانێتییەکە دەدەن، نەک سەرکەوتنی.
 
هەرچەندە کامیرۆن ئامادەیی یاریگەکانی بۆ میواندارییەکە راگەیاندووە، بەڵام ژێرخانی وەرزشیی ئەم وڵاتە لە دۆخێکدایە کە مژدەی خۆش نادات، خراپی یاریگەکانی ئەو وڵاتە هەڕەشەیەکن بۆ سەر پاڵەوانێتییەکە.
 
لە هەموویشی مەترسیدارتر هەڕەشەی گرووپە یاخیبووەکانن، کە هەڕەشەی کوشتن لە یاریزانانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
حکومەتی کامیرۆن رایگەیاند بۆ پاراستنی هەڵبژاردە بەشداربووەکان لە مەترسی ئەو گرووپانە، ژمارەیەکی زۆرتر لە پۆلیس و هێزە ئەمنیییەکان لەو شارانەدا بڵاودەکاتەوە کە میوانداری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە تەنیا ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کەسیان کوشتووە.
 
بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردان بەهۆی ئەو کێشانەی کە ئەگەری هەیە ببنە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتییەکە و شەرمەزاربوونیان بەرامبەر فیفا و جیهان.
 
رەتکردنەوەی هەواڵەکانی شکستخواردنی پاڵەوانێتییەکە لە لایەن بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقاوە، بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین بەشی ئەوە کارکراوە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، چونکە کۆرۆنا ئۆمیکرۆنیش مەترسییەکی دیکەیە و لەوانەیە بەتەنیا بەس بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەتیس کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی لە ئەفریقایە و دەکرێت ببێتەوە هۆکاری داخستنەوەی یاریگەکانی تۆپی پێ.
 
هەرچۆنێک بێت، سەرەڕای ئەوەی زۆر لە ئەفریقییەکان پێیانوایە فیفا جیاوازی دەکات لەنێوان ئەفریقا و ئەوروپا، گوایە رێگەی بە ئەنجامدانی یۆرۆ دا، بەڵام دەیەوێت گرفت بۆ جامی ئەفریقا دروست بکات، تەنانەت هەندێک ئەفریقی لە روانگەی رەگەزپەرستییەوە سەیری ئەم بابەتە دەکەن، بەڵام بەشی ئەوە گرفت و کێشە و ئاڵنگاری هەن، کە ببنە پاساو بۆ ئەوەی داوای بەڕێوەنەچوونی پاڵەوانێتییەکە بکەن، یان لانیکەم پێشبینی بۆ شکستخواردنی بکەن.
 
رێکاری توند
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین هەڕەشەی سەر پاڵەوانێتییەکە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا چەند رێکارێکی توندی دەرکردووە و پێویستە هەموو لایەک پابەندبن پێیانەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا (کاف) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر تیپێک ئەگەر بۆ یارییەکەی 11 یاریزانی پێ دابین نەکرا، بە دۆڕاو بە ئەنجامی 2-0 هەژماردەکرێت، مەگەر هەندێک یاری کە بەهۆی بارودۆخیانەوە بڕیاری تایبەتیان لەبارەیەوە بدرێت.
 
بەپێی بریاری کاف، ئەگەر ئەنجامی پشکنینی هەر یاریزانێک پۆزەتیڤ بوو، رێگەی پێنادرێت یاری بکات و تەنانەت بچێتە نێو یاریگەش.
 
بڕیاری هونەری
 
وێڕای ئەو بڕیارانەی تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، چەند یاسا و بڕیارێکی هونەری دیکەش جێبەجێ دەکرێن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا، رایگەیاند لەم پاڵەوانێتییەدا یاسای 5 گۆڕانکاری جێبەجێدەکرێت و لەپێناو کەم راگرتنی یارییەکە 3 دەرفەت بە هەر تیپێک دەدرێت گۆڕانکارییەکانی بکات، دەتوانن لە ماوەی نێوان هەردوو گێمەکەش بیکەن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەگەر یارییەک گەیشتە کاتی زیادکراو هەر تیپێک مافی ئەوەی دەبێت گۆڕانکارییەکی دیکە بکات، هەر تیپێک دەشتوانێت بەر لە دەستپێکردنی نیوەی یەکەمی زیادکراو گۆڕانکاری بکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا سوورە لەسەر ئەوەی کە هەر تیپێک ئەگەر یاریزانەکانی تووشی کۆرۆنا بوون، ژمارەی یاریزانەکانی 11 کەس بوو، بە گۆڵپارێزەوە پێویستە یاری بکات، تەنانەت ئەگەر گۆڵپارێزیشی نەبوو، پێویستە یاریزانێک ببێتە گۆڵپارێز.
 
کاتێکی نەگونجاو
 
ژمارەیەک لە یانەکانی ئەوروپا گلەیی و بێزاری خۆیان لە کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە راگەیاند، بەهۆی ئەوەی چەندین یاریزانیان ناچاربوونە لە کاتێکی هەستیاری وەرزدا، ریزەکانیان جێبهێڵن و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکانیانەوە بکەن.
 
بۆ نموونە ناکۆکی کەوتە نێوان یانەی واتفۆردی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی نایجیریا، کە ئەمەی دوایی سووربوو لەسەر ئەوەی ئیمانوێل دینیسی یاریزانی یانە ئینگلیزییەکە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکات، بەڵام دواتر یانەکە رێگەی پێنەدا یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات.
 
بەهۆی سروشتی کەشوهەوای کامیرۆن و بەڕێوەچوونی جامی جیهان لە مانگی 11ـی ئەمساڵ لە قەتەر، یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا ناچاربوو لەم مانگەدا پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدات، کە دوو ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت.
 
بڕیارە پاڵەوانێتی داهاتووی جامی ئەفریقا لە هاوینی 2023 لە مانگی شەش لە کوتدیڤوار بەڕێوەبچێت، ئەگەرچی فیفا پێشنیازی کردووە کە پاڵەوانێتییەکانی جامی ئەفریقا لە مانگی ئەیلوول ئەنجام بدرێن.
 
کەمکردنەوەی هاندەران
 
یەکێتی تۆپی پێی ئەفریقا لە یەکەم هەنگاودا بڕیاریداوە ژمارەی ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کەم بکاتەوە، کە لە هەر یارییەکدا نابێت زیاتر لە 60٪ـی هاندەران ئامادەی یاریگە ببن، تەنیا یارییەکانی کامیرۆن نەبن، کە بۆ ئەوان رێژەی ئامادەبوون 80٪ دەبێت، بەو پێیەی وڵاتی میواندارە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی کۆرۆنا خراپتر بوو ئەو رێژەیە کەمتریش دەکرێتەوە.
 
هەر هاندەرێک بۆی نییە بچێتە نێو یاریگە ئەگەر دوو قورچکی ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، یان لانیکەم پشکنین بکات و ئەنجامەکە نێگەتیڤ بێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کامیرۆن رێژەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە لە 2٪ تێپەڕی نەکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە