ڤیدیۆ؛ بەهۆی ئێمباپێوە لە کامیرۆن جەژنە

09-07-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Daniel BELOUMOU OLOMO / AFP
Photo by Daniel BELOUMOU OLOMO / AFP
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ کامیرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەگەر ئەوکاتەی دەبنە پاڵەوانی ئەفریقا یان هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەگاتە مۆندیال، کامیرۆنییەکان ئەوەندەی ئێستا دڵخۆش بن، بەهۆی سەردانی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بەڕەچەڵەک کامیرۆنی بۆ وڵاتەکەیان.

ئێمباپێ کە بە گەشتێک چووەتە کامیرۆنی وڵاتی بابوباپیرانی، هەموو کامیرۆنییەکانی هێناوەتە سەر شەقام، بچێتە هەر شارێک و هەر گوندێک وەک سەرۆکی وڵاتان پێشوازی لێدەکەن.

کیلیان ئەمجارە دەچێتە نێو خزم و کەسوکارانی باوکی لە گوندەکەیان و بەشێوەیەکی بڕواپێنەکراو لەلایەن هەزاران خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێت. هەمووان بەناوی ئەوە هاواردەکەن، چەپڵە لێدەدەن، گۆرانی دەڵێن و سەما دەکەن.

کریستۆف ساموێل، هاندەرێکی ئێمباپێ، دەڵێت "زۆر دڵخۆشین کە لێرەین لە بەندەری بۆناپێری بۆ پێشوازیکردن لە ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانی کیلیان ئێمباپێ، ئەو یاریزانێکی گەورەیە و پێمان خۆشە لە پاریس بمێنێتەوە. کیلیان ئێمباپێ یاریزانێکی فەرەنسییە، بەڵام خوێنی کامێرونی هەیە. بۆیە ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەو دێت، چونکە ئێرە ماڵەکەیەتی، و خوێنی کامیرۆنییەکان بە دەمارەکانیدا دەڕوات، ئێمە وەک هاندەرانی لێرەین بۆ پشتگیریکردنی و دەمانەوێت لە پاریس بمێنێتەوە".

کوڕە بەنازەکەی فەرەنسا گەیشتە شاری دولا، بەمەبەستی سەردانیکردنی گوندی باوباپیرانی خۆی، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانێکی سێ رۆژە کە لەلایەن دامەزراوە خێرخوازییە تایبەتەکەیەوە رێکخرابوو.

لە هەموو شوێنێک پیاوانی پۆلیس ئەرکی پاراستنی کیلیانیان لە ئەستۆ گرتبوو، تەنانەت لەنێو دەریاشدا، ئەوان نەک هەر ئەرکی پاراستنیان بردبووە نێو دەریا، بەڵکو لەنێو دەریادا ئاهەنگ و گۆرانیشیان بۆ میوانەکەیان دەگوت. 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی، دڵخۆسیی خۆی بەو گەشتە نیشاندا و گوتی "کیلیان ئێستا لە کامیرۆنە، ئەوەش گرنگترین شتە، دەمەوێت چێژ لە سەردانەکەم لێرە وەربگرم و بە تەواوی چێژ لە پشووەکانم وەربگرم، دەمەوێت زۆرترین سوود لە کاتەکانم لەگەڵ کامێرونییەکان وەربگرم، ئەوە تاکە شتێکە کە ئەمڕۆ بۆ من گرنگە".

بارانبارین هەزاران دانیشتووی ناوچەکەی لەوە پاشگەز نەکردەوە کە لە بەندەری بۆناپێری کۆببنەوە، بۆ بینین و پێشوازیکردن لە ئێمباپێ کە لەوێوە دەچێتە سەردانکردنی گوندی گابالا، کە باوکی لە تەمەنێکی بچووکدا لەوێوە بەرەو فەرەنسا کۆچیکردووە. 

سەردانەکەی کوڕە تەنمەن 24 ساڵانەکە بۆ کامیرۆن لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، کە سەردانێکی بۆ کۆمەڵەی نابیستەکان لەخۆگرتبوو کە لەلایەن دامەزراوەکەیەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەمە جگە لە بەسەرکردنەوەی قوتابخانەیەک بۆ کەڕ و نابیستەکان لە شاری یاوەندێ، هەروەها دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە جۆزێف دیۆن نگۆتی هەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە