بەهۆی بووکەڵەی ئۆسیمینەوە، ناپۆلی هەڕەشە دەکات

08-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ناپۆلی ڤیکتۆر ئۆسیمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی وڵات، هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنی لە کۆمپانیایەکی ئیتاڵیایی تایبەت بەدروستکردنی یارییەکانی منداڵان کردووە، بەهۆی رێکلامکردن بۆ خستنەڕووی بووکەڵەیەکی نوێی بەرهەمی کۆمپانیاکە کە شێوەی لە ئۆسیمینی هێرشبەری یانەکە دەچێت.
 
ناپۆلی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "ئەو بەرهەمە نافەرمییە، لەلایەن یانەکەمانەوە مۆڵەتی دروستکردنی پێنەدراوە بەهیچ شێوەیەک".
 
یانەکە هەروەها دەڵێ، "هەر لەبەرئەوە یانەکەمان رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەگرێتە بەر". یانەکە زیاتری ئاشکرا نەکردووە.
 
کۆمپانیای 'دجۆکی پریستیۆزی' کە زنجیرەیەک بووکەڵە و پەیکەری بچووکی بەناوبانگی منداڵان دروستدەکات، رێکلامی بۆ دروستکردنی بووکەڵەیەک کردبوو بەناوی 'چیچۆبیلۆ بۆمبەر' کە مانای 'هێرشبەرە قەڵەوەکە' دێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بە ناوی ئۆسیمین یان یانەی ناپۆلی نەکردبوو.
 
بووکەڵە بۆیە بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی یانەی ناپۆلی، چونکە وەک ئۆسیمین ماسک دەپۆشێت و درێسێکی رەنگ شینی ژمارە نۆی پۆشیووە. کۆمپانیای 'دجۆکی پریستیۆزی' هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوکراوەکەی یانەی ناپۆلییەوە نەداوە.
 
دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای 'دجۆکی پریستیۆزی' لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2021، خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی یانەی جێنوا بوو کە ئەمساڵ گەڕاوەتەوە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا.
 
رۆژنامەی 'کۆرێری دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە 'دجۆکی پریستیۆزی' لە رابردوودا بووکەڵەیەکی هاوشێوەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی یانەکە دروستکردبوو.
 
هەڕەشەکانی ناپۆلی پاش ئارامبوونەوەی پەیوەندیی نێوان کارگێڕیی یانەکە و ئەو هێرشبەرە نایجیریە دێت کە هەفتەی پێشوو، بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەو یاریزانە لە کاتی لەدەستدانی لێدانێکی سزا لە تیک تۆکی یانەکە بڵاوکرایەوە و بەهۆیەوە بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆسیمین هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە یانەکە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە